Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەغدا و پەیامی سەرۆكی هەرێم

ئاریان فەرەج

سەرۆكی هەرێم نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێكدا دەربارەی رووداوەكان، پەنجەی خستە سەر راستییەكی حاشاهەڵنەگر: كێشە و گرفتەكانی عێراق كەڵەكەبووی سیاسەت و رەفتار و هەڵوێستە هەڵەكانی حكومەتە یەك لە دوایەكەكانی چەندین ساڵی رابردوون و زادەی رۆژ و حكومەتی بەركار نین، هیچ حكومەتێكیش ناتوانێ بە ئاسانی چارەسەریان بكات.

كەڵەكەبوونی كێشەكان تا ئەو ئاستەی شەقامی عێراقی نیمچە بایكۆتی كۆی پرۆسەی سیاسی و ئەحزاب و دەموچاوە سیاسییەكانی بكات و ئێستاش بەو توڕەییە بوروژێت، دەرەنجامی زەمەنێك غەدر و دەسخەڕۆیی و گەندەڵكاری و دەستورشكێنی و ئینفیلاتی سیاسی و ئەمنی و پشتكردنە كۆی ئەو پرنسیپانەن كە بڕیار بوو عێراقی نوێیان لەسەر دامەزرێ ولە سایەیاندا زەمینەی ژیانێكی ب روومەت بۆ عێراقییەكان فەراهەم ببێت.

ئەوانەی بێ شەرمانە دەیانەوێت كاسەكە لەسەری حكومەتی ئێستا وعادل عەبدولمەهدیدا بشكێنن، سەبەبكاری هەموو ئەو گرفتانەن كە خەڵك بەهۆیانەوە گەیشتنە لوتكەی نائومێدی و بێ هودەیی، گەر ئەوان كەمترین پەرۆشییان بۆ عێراق و خەڵكەكەی هەبوایە، بەو هەموو سەروەت و سامانە و بەو هەموو ساڵانە بەردێكیان لەسەر بەردێك دابنایە، هەڵبەت لەسەركار دەمان و جێ بۆ عەبدولمەهدی چۆڵ نەدەبوو كە بێ پشتیوان و هاوكاری، ئەركی سەختی راستكردنەوەی ئەو میراتە خێل و خوارەی بكەوێتە ئەستۆ كە بۆیان بەجێهێشت.

سیاسییە فاشل و درۆزنەكان ئێستاش هەر بە هەمان دیماگۆكی و دەسخەڕۆییەكەی جاران گەمە بە ئازارەكانی شەقامی عێراقی دەكەن، ئەوەتا دەیانەوێ سواری شەپۆلی نارەزاییەكان ببن و خۆیان بكەنە هاودەرد و خەمخۆری ئەو خەڵكەی لەسەر دەستی ئەوان تووشی دەردو خەم بوون. دەیانەوێ بەو چەواشەكارییە شانی خۆیان بتەكێنن و بە ئاسانی رووی خۆیان بۆ جەولەیەكی دیكەی گرتنەوەدەستی دەسەڵات سپی بكەنەوە. هەر ئەوانیشن ئاڕاستەی خۆپیشاندانەكان بەرەو توندرتیژی و خوێنڕشتن دەبەن، دەنا عەبدولمەهدی ئەوەندە بە كورسی دەسەڵاتەوە نەنوساوە تا خوێنی بۆ برێژێ.

عەبدولمەهدی وەك سەركردەیەكی نیشتمانیی چاكەخواز وویستی عێراق بخاتەوە سەر راستەڕێ، دەردەكانی دەستنیشان كرد و وویستی هەنگاو بۆ تیماكردنیان هەڵگرێ، بەڵام ئەو نوخبە گەندە و گوێلەمستەی بەرژەوەندیی ناڕەوایان لە گەندەڵی و حوكمی میلیشیایی و بەرەڵلایی سیاسیدایە، ناهێڵن.