Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

داستانی رەبیعە

ئاریان فەرەج

بەر لە پێنج ساڵ، لە یەك لە قۆناغەكانی شەڕی سەخت و دژواری بەرەنگاربونەوەی داعشدا، لەشكری پێشمەرگەی كوردستان بە فەرماندەیی راستەوخۆی سەرۆك مەسعود بارزانی، لە هەڵمەتێكی فراواندا و بە نەخشەیەكی سەربازیی تۆكمە، خافڵگیرانە هێرشی كردە سەر مۆڵگەكانی داعش لە ناحیەی رەبیعە ولە ماوەی بیست و چوار سەعاتدا، ناوچەكەی لە بن دەست دەرهێنان. 

ئۆپەراسیۆنی ئازادسازیی رەبیعە تەنیا سەركەوتنێكی ئاسایی پێشمەرگە نەبوو لە شەڕی داعشدا، بەڵكو لە زۆر رەهەندەوە بایەخ و گرنگیی سەربازی و سیاسی و سایكۆلۆجیی تایبەتی هەبوو:

- سەركەوتنی هەڵمەتەكە تەنیا بە هێزوهیممەتی پێشمەرگە و بێ بەشداریی هاوپەیمانان، توانا و ئازایەتی و لێزانیی سەربازیی پێشمەرگەی لە شەڕی فراوانی بەرەییدا نیشانی هەموو دونیا دا. 

- ئەوكاتەی داعش لە رەبیعە شكا، هێشتا پاشەكشە و لاوازیی بەخۆوە نەدیبوو، بەڵكو لەوپەڕی بەهێزی و دڕندەیی و پڕچەكیدا بوو، بۆیە داستانی رەبیعە سەرەتای شكاندنی شەوكەت و غرور و ئەفسانەی داعش و گێڕانەوەی وورە بوو بۆ كۆی ئەو هاوپەیمانییەی لە جەنگی داعشدا بوون. 

- بەو هەنگاوە سەربازییە، دەروازیەك بۆ گەیشتن و بەهاناوەچوونی ئاوارە گیرخواردووەكانی چیای شنگال كرایەوە و ئیدی زەمینەش سازبوو بۆ دانان و جێبەجێكردنی نەخشەی ئازادكردنی تەواوی ناوچەكە.

- ئەو داستانە پیلانی پەلهاویشتنی داعشی بۆ دەڤەری حەسەكەی رۆژئاوا ئاستەنگ كرد و فشاری سەر كۆبانێی كەمكردەوە، جیا لەوەی خەیاڵی ئەو هێزە دڕندەیەی بۆ پەلاماردانی پێشخاپور و زاخۆ بە یەكجاری لەگۆڕنا. 

- یەكەمین جار بوو پێشمەرگەی كوردستان خاكێكی عەرەبی بگرێ و بیخاتە ژێر كۆنترۆڵی خۆی، ئەوەش لە رووی سیاسی و سایكۆلۆجییەوە تێكشكانێكی رەمزیی كەمەرشكێن بوو بۆ داعش و قەومەچێتی عەرەبی كە داعش یەك لە بەرهەمەكانیەتی. 

پێشمەرگەی كوردستان لە جەنگی درێژخایەنی رزگاریی نیشتمانیدا، شەڕی قارەمانانە و سەركەوتنی گەورەی لە قۆناغە جیاجیاكاندا تۆماركردووە، بەڵام جەنگی تێكشكاندنی داعش رەنگە سەختترین و خوێناویترینیان بێت. جەنگێك سەرۆك بارزانی ووتەنی: كەس بڕوای نەدەكرد تیایدا پێشمەرگە بەو چەكەی دەستی بتوانێ دوژمنێكی دڕندە و پڕ چەك و دەستڕەشی وەك داعش تێكبشكێنێ.