كهركووك-KDP.info- ماوەیەکە ھەندێ لە راگەیاندنەکانی كەسان و گرووپە شۆڤێنییەكانی بە ناو عهرەب و بە ناو توركمان، دژ بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێن و دەنووسن و بەیاننامە دەر دەکەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک_ گەرمیانی پارتیش دەڵێ، کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانن پەیوەندی نێوان پارتی و پێکهاتەکانی دیکەی نێو کەرکووک تێکبدەن.
دکتۆر کەمال کەرکووکی لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند، کە بە روونی دەڵێین ئەوانە بەھیچ شێوەیەك ناتوانن پەیوەندیی نێوان پارتی و پێکھاتەکانی دیکەی تورکمان و عارەب و کلدان سریان ئاشووری و ئەرمەنی و صابئەی مەندائی و کورد لە کەرکووك تێك بدەن، جەختیشی لەوە کردەوە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان کار بۆ بەدیھێنای مافی رەوای گەلی کوردستان و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی گشت پێکھاتەکان بەبێ جێاوازی و لەبەر رۆشنایی پەیمان و بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ و دەستووری عێراق و دادپەروەریی ئایینی دەکات.
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک_ گەرمیانی پارتی ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەو کەس و گرووپانەی لە ناو و بوونی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووك ھەراسان بوون و، ھاواریان لێ ھەڵساوە و دژایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن، ئەو پارتییەی بۆ دیموکراسی و ئاشتی و نوێبوونەوە و مافی زەوتکراوی گەلی کورد و کوردستانیان فیداکاریی کردووە و، لە رزگارکردنی کەرکووك رۆڵی گرینگی ھەبووە، پارتی دیموکراتی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانی بوو پێشی داعشیان گرت و کەرکووك و زۆر شوێنی دیکەیان لە داعش پاراست و، ھەنگاو بە ھەنگاو داعشیان راونا و لە ناو جەرگەی حەویجەش زۆر فیداكارانە و لە ھەڵمەتێکی نەوعیدا ژمارەیەك لە زیندانییانی دەستی داعشی رزگار کرد و ھێنانییەوە ھەرێمی کوردستان و، ئەو پارتییەی کە رۆڵی گرینگ و بنەڕەتیی ھەبوو بۆ رزگار کردنی مووسڵ لە تیرۆریستانی داعش.
کەرکووکی گوتیشی: "ئێستاش ئەو کەس و گرووپانە ئەوانەن، کە دژایەتیی پارتی دەکەن و ھەوڵ دەدەن پارتی دیموکراتی کوردستان نەچێتەوە ماڵ و لە شوێنی سرووشتیی خۆیان نەبن"!
ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەو جۆرە کەس و گروپانە باش دەناسن و لە رابردووشیان ئاگادارن و دەزانن بە کردەوە و پەیوەندییەکانیان نیگەرانن و تۆقیان چووە، چونکە خۆیان دەزانن نوێنەرایەتیی راستەقینەی عهرەب و تورکمانیش ناکەن و، باشیش دەزانن پارتی زۆر بەپاکی و بە دڵسۆزی بۆ گەل و مافی گەل کار دەکات، هەربۆیەشە توشی ھستیریا بوون و دەشزانن، کە رووی راستییان بۆ دڵسۆزانی کەرکووك و گشت عێراق و کوردستان دەردەکەوێت.
کەمال کەرکووکی گوتیشی: "ئێمەش بە دەنگی بەرز دەڵێین ئەو جۆرە کەس و گرووپانە با زۆر باش بزانن پارتی و کەرکووك و گشت کوردستان و پێکەوەژیانی ئاشتییانە ھەرگیز لە یەكتر جودا نابنەوە".
خێڵان بەختیار