Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

خەسرۆ گۆران: حەفتەی دابێ لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کۆ دەبنەوە

هەولێر-KDP.info-  حەفتەی دابێ لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوەیەکی هاوبەش دەکەن. بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتییش دەڵێ، کۆبوونەوەکە سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقە.

خەسرۆ گۆران، لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، کە هەفتەی دابێ، لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوەیەکی هاوبەش دەکەن. ڕوونیشی کردەوە، کە کۆبوونەوەکە لەسەر پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەبێت.

لایەنە سیاسییەکان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، لە هەوڵدان بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەن و لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكە بچنە كێبڕكێوە، تا بتوانن كورسیی زیاتر بەدەست بێنن. بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە، یەكلیستی زۆر گرینگە و چەندە كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم یەکگرتوو بن، ئەوا دەستكەوتی زیاتر بەدەست دێنن.

وەک گۆران باسی کرد، وا بڕیارە لە هەر لایەنە و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی بەشداری کۆبووەنەوەی لایەنە سیاسییەکان بێت، کە لەسەر کۆی پرسەکان دەبێت و، پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق تەوەری سەرەکی دەبێت.

گۆران ئەوەیشی ئاشکرا کرد، کە ئەمڕۆ سەردانی نەوەی نوێیان کردووە و گفتوگۆیان لەگەڵ کردوون و یەکڕیزی و یەکلیستیی کوردیان لە پارێزگای کەرکووک بۆ ڕوون کردوونەتەوە، ئەوانیش وەڵامیان ئیجابی بووە و لە کۆبوونەوەی لایەنەکاندا، کە بڕیارە حەفتەی دابێ بەڕێوە بچێت، نەوەی نوێش بەشدار دەبن.

خێڵان بەختیار