Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قەرەداغی: بارزانی بوو بە گەورەترین ڕەمزی مێژووی نەتەوەیەك

هەولێرـ KDP.infoـ ئەمڕۆ پەنجاوهەشتەمین ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولە و نووسەر و رووناكبیرێكیش دەڵێت، زۆر بە ڕاشكاوی و خاترجەمییەوە دەڵێم، هەر دەستكەوتێك كە ئێستا لە باشووری كوردستان بەدەست هاتووە، بناغەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شۆڕشە مەزنە.

مەهاباد قەرەداغی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "شۆڕشی ئەیلوول بناغەی ڕێبازی كوردایەتیی دانا؛ بۆیە بارزانی بوو بە گەورەترین ڕەمزی مێژووی نەتەوەیەك، تا كورد هەبێت؛ كوردایەتیش برەوی دەبێت؛ بۆیە بارزانی و شەهیدانی شۆڕشی ڕزگاریخوازی كوردستان وەك شانازییە هەرە مەزنەكانمان لە كۆیادی نەتەوەی كورددا دەمێننەوە".

ئەو نووسەر و رووناكبیرە روونیشی كردەوە: "گرنگیی شۆڕشی ئەیلوول لەوەدا بوو، شۆڕشێكی سەرتاسەریی كوردستانی بوو؛ هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵی كوردستان تێیدا بەشدار بوون. ڕۆڵی كاریگەری قوتابیان و لاوان و ئافرەتان لەو شۆڕشەدا جێگەی شانازی و بایەخە. ئەندازیاران و پزیشكان و مامۆستایان و فەرمانبەران و كرێكاران و جووتیاران بەشدار و كارا بوون. چینی ڕۆشنبیران بە نووسەران و هونەرمەندان و ڕۆژنامەنووسانەوە لەناو شۆڕشدا بوون یان لەناو شارەكانەوە پشتگیرییان لە شۆڕش دەكرد؛ بۆیە شۆڕشەكە مەزن و مەزنتر دەبوو و داگیركەرانی كوردستانی هێنابووە سەرچۆك".

قەرەداغی، دەڵێت: "زۆر بە ڕاشكاوی و خاترجەمییەوە دەڵێم، هەر دەستكەوتێك كە ئێستا لە باشووری كوردستان بەدەست هاتووە، بناغەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شۆڕشە مەزنە و بارزانیی نەمر، كە ساڵی ۱۹۷۰ئۆتۆنۆمیی بۆ كورد لە دەستووری عێراقدا چەسپاند و ئەو هەوێنە ئێستا گەیشتۆتە حكوومەتێكی فیدڕاڵی و ئاكامیش دەگاتە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان لەسەر دەستی سەرۆك و ڕابەر مەسعوود بارزانی".

 

فایزە كۆیی