Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گۆران: حیزبەكان كۆبوونەوەیەكی هاوبەش ئەنجام دەدەن.. خۆمان بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەكەین

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێ، هەفتەی داهاتوو دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی سكاڵای پارتی لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوە دەچێت و، چەند رۆژێكی تریش تەواوی حیزبە كوردستانییەكان كۆبوونەوەیەكی هاوبەش سەبارەت بە یەكلیستی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجام دەدەن.

سەبارەت بە كاتی دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی لەسەر ئەو سكاڵایەی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشكەشی دادگای باڵای فیدراڵی كردووە لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان، خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هەفتەی داهاتوو، 16ی ئەم مانگە دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵی تایبەت بە سكاڵاكەمان لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوە دەچێت و، ئومێدەوارین بڕیارەكە لە قازانجی دەنگدەران بێت".

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاشیگەیاند: "دوای دانیشتنی دادگای فیدراڵی، ئێمە خۆمان بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەكەین".

لایەنە كوردستانییەكان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، لە هەوڵدان بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەن و بچنە كێبڕكێ لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكە بۆ ئەوەی ببنە لیستی گەورە و بتوانن كورسیی زیاتر بە دەست بهێنن، لەبارەی هەنگاو و هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەم پرسە، خەسرۆ گۆران گوتی: "رۆژی دووشەممە لەگەڵ یەكێتیی نشتیمانیی كوردستان كۆبووینەوە و، بڕیارە پەیوەندی بە لایەنەكانی دیكەوە بكەین و دوای چەند رۆژێكی تریش كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی تەواوی حیزبە كوردستانییەكان سەبارەت بەو پرسە ئەنجام دەدەین، چونكە یەكلیستی زۆر گرنگە و چەندە كورد یەكگرتوو بێت لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئەوا دەستكەوتی زیاتر بەدەست دێنێت".

 

نەشوان بەرزنجی