Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕەشید سندی بۆ KDP: باس له‌ دەستكەوته‌كانی شۆڕشی مه‌زنی ئەیلوول ده‌كات

هەولێر-KDP.info- شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا بە ڕابەرایەتیی مستەفا بارزانی هەڵگیرسا، یه‌كێك له‌ پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول دەڵێت، ئەوسا كورد هەموو یەكدەنگ بوون و لە زاخۆوە تاكو خانەقین و شنگال و هەر چوار پارچەی كوردستانیش هاوبەش بوون و بەیەكەوە بەرگرییان لە كوردستان دەكرد. روونیشی دەكاتەوە، ڕێككەوتنامەی ۱۱ی ئادار و ناوچەی ئۆتۆنۆمی، دەستكەوتی شۆڕشی ئەیلوول بوو.

٥٨ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە ۱۱ـی ئەیلوولی ساڵی ۱۹٦۱، شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی مستەفا بارزانی هەڵگیرسا و گشت كوردستانیان و كوردی هەر چوار پارچە تێیدا بەشدار بوون و، لە بەرگریكردن لە كوردستان و پاراستنی وڵات لە دوژمنانی كورد، هاوبەش بوون.

كوردستان چەند دەستكەوتێكی مەزنی بە هۆی شۆڕشی ئەیلوولەوە بەدەست هێنا، ئامرهێزی شۆڕشی ئەیلوول ڕەشید سندی، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ: "شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشێكی سەرانسەری بوو، لە باشوری كورستان لە شنگالەوە تا زاخۆ و خانەقین و كەركووك و سلێمانی و هەولێر و دهۆك، هەموو كورد تێیدا هاوبەش بوون، جگە لەوەش، هەر چوار پارچەی تری كوردستان هاوكاریی كوردستانیان دەكرد لە شۆڕشدا، ژمارەیەكی زۆر پێشمەرگەی كوردستانی باكوورمان لەگەڵدا بوون، ئەمانە گشتیان مەفرەزە بوون و هەر مەفرەزەیەك بەرپرسێكی خۆیان هەبوو و هاوشانی باشووری كوردستان دەجەنگان.

ئەوكات كە هەر چوارپارچەی كوردستان هاوبەش بوون لە شۆڕشدا، هەر كێشەیەك لە باكوور یان ڕۆژئاوا یاخود ڕۆژهەڵات هەبووایە، كێشەكەیان دەهێنایە لای حاكمەكانی شۆڕشی ئەیلوول و چارەسەریان بۆ دەبینییەوە.

لە لایەكی ترەوە، شۆڕشی ئەیلوول توانی دوژمنكاری لەنێو خێڵ و عەشیرەتەكاندا نەهێڵێت و، هەموو بەیەكەوە هاتنە نێو شۆڕش و بەیەكەوە دژی حكوومەتی عێراقی دەجەنگان.

سندی، زیاتر دەڵێت: "سوود و دەستكەوتێكی تری شۆڕشی ئەیلوول ئەوە بوو، كە لە گوند و دێهاتەكانی كوردستان حكووومەتی عێراقی و ڕژێم چ پیاوێكیان ویستبایە، دەیانبرد و دەیانگرت و گوندەكانیان ئاگر تێبەردەدا، بەڵام بە هۆی شۆڕشی ئەیلوولەوە كورد بەهێز بوو و ببوونە یەك دەستە و دژی ڕژێمی عێراق دەوەستانەوە و زوڵم و ستەم كەمی كردبوو،هەروەها پێشمەرگەكانیش شەڕی فڕۆكە و تانكیان دەكرد بە تفاقێكی زۆر كەمەوە".

دەشڵێ: "لە شۆڕشی ئەیلوولدا هەر لە زاخۆوە تاكوو خانەقین كوردستانیان هاوكاریی یەكترییان دەكرد و سەرتاسەری كوردستان یەك قیادە و یەك حزب بوون و، یەك سەركردایەتیی سیاسی هەبوو بە سەرۆكایەتیی مەلا مستەفا بارزانی، هەموو كوردیش وەك برا بوون، ئەمەش یەكێك لە دەستكەوتەكانی شۆڕشی ئەیلوول بوو."

ڕەشید سندی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول زیاتر گوتی: "دواتر لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول ئەمانەتپارێزییەكی زۆر هەبوو و لەو سەردەمەدا لە زاخۆوە تا خانەقین فەردە لیرەت بگواستبایەوە كەس حەقی بەسەر كەسەوە نەبوو".

شۆڕشی ئەیلوول تەواوی پێكهاتەكان و ئایینەكان تێیدا بەشدار بوون و كوردستانی بە تەواوی كۆكردبووەوە، به‌ هەموو ئەمانە یەك ئامانجیان لە پشت بوو، كە ڕزگاركردنی كوردستان بوو لە دەستی حكوومەتی عێراق و زوڵم و زۆرداری، دەستكەوتێكی هەرە گرنگی دیكەش، ڕێككەوتنامەی ۱۱ی ئادار بوو، كە بە ڕووداوێكی گەورەی سەدەی بیستەم دادەنرێت لە مێژووی ڕزگاریخوازی كوردستاندا، چونكە بۆ یەكەمین جار ناوچەیەكی ئۆتۆنۆمی ددانپێدانراو لە باشوری كوردستان دروست بوو."

 

فایزە كۆیی