Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری پلاندانانی عێراق کرد

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە 2019/9/10 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نووری سەباح دلێمی وەزیری پلاندانانی عێراق کرد. 

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا وەزیری پلاندانانی عێراق، ئاماژەی بەوەکرد کە ئەزموونی هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی جێگیر و سەرکەوتووە و سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانیش  سەرکەوتنە بۆ هەموو عێراق. گوتیشی ئێستا دەرفەتێکی باش هەیە بۆ ئەوەی هەموو کێشە و گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر ببن.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی و نیازپاکی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نیشانداوە لە سەر بنەمای دەستوور. گوتیشی هیواداریشین سەردەمێکی ئەرێنی و نوێ لە پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدرال و حکومەتی هەرێمی کوردستان بێتە ئاراوە بە شێوەیەک کە شەراکەتی راستەقینە و هاوسەنگی و سازان لە بەرچاو بگیرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها گفتوگۆ لە بارەی سەرژمێری دانیشتووان کرا کە بڕیارە ساڵی 2020 لە عێراق ئەنجام بدرێت، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند سەرژمێری کارێکی گرنگە بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیاری کە ئامرازێکی یارمەتیدەر دەبێت بۆ پلاندانان بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان تێبینی لەسەر میکانیزمی ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە هەیە و پێویستە لە بەرچاو بگیرێن. گوتیشی نابێ سەرژمێری وەکو کارتێکی سیاسی  لە دژی هیچ پێکهاتەیەک بەکار بهێنرێت.