ههولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزنەوە پەیامیَكى راگهیاند كه ئهمه دهقهكهیهتی:
پەنجا و هەشت ساڵ بەسەر سەرهەڵدانی شۆڕشی مەزنى ئەیلوولدا بە سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێبەرایەتیی بارزانیی نەمر تێدەپەڕێت. ئەم شۆڕشە نیشتیمانییە یەکێکە لە سەروەرییە مەزنەکانی مێژووی گهلى كوردستان بۆ بەرگریکردن لە ماف و خواستە ڕەواکانی و ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی تاکڕەوی. پاش ئهوهى نهتوانرا به خەباتی مەدەنی و تێکۆشانی جەماوەرەییانە، خواست و داواکانی گەلەکەمان بهدى بهێنرێن، شۆڕشى ئهیلوول وەک پێویستییەکی مێژوویی سەری هەڵدا.
بڕوا و متمانەی کوردستانییان بە ڕێبەری شۆڕش و سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکڕیزی و یەکگرتووییی گەلەکەمان، سهرچاوهى بەهێزیی شۆڕش بوون کە لە ماوەیەکی کەمدا سەرجەم ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە و هەموو چین و توێژ و پێكهاته نهتهوهیى و ئایینییهكانى کوردستان، چالاک و دڵسۆزانە بەشدارییان تێدا کرد. شۆڕشی ئەیلوول بە دیدگایەکی ڕۆشنی سیاسی و کولتوورێکی لێبوردووانە و گیانێکی مرۆڤدۆستانەوە هەنگاوی نا، بە خۆڕاگریی گەلى كوردستان و قارەمانیهتیی پێشمەرگە، چەندین داستانی مێژوویی تۆمار كرد کە مایەی شانازیی گەلى كوردستانن.
شۆڕشی ئەیلوول بە ئەندازەی مەزنیی خۆی، دەستکەوتی مەزن و مێژوویی بۆ گەلەکەمان بەدیهێنا، ئازادیی ئەمڕۆ و پێشکەوتنە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی کوردستان، زادەی ئەو دەستکەوتانە و شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی دواتر و ئەو قوربانییە مهزنانهن کە گەلی کوردستان لەپێناو مانەوە و ماف و ئازادی و ئاشتی و سەرفرازیدا، بەخشیویەتی.
بەرزڕاگرتنی ئەم یاده شکۆدارە، وێڕای ئەوەی ڕێزگرتنە لە مێژوو و قوربانی و سەروەرییەکانی گەلەکەمان، هاوکات بۆ لێفێربوون و وەرگرتنی وانە و پهندى گرنگه. شۆڕشی ئەیلوول سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە شۆڕش و ڕووبەڕووبوونەوەکانی گەلى كوردستان هەمیشە بۆ بەرگریکردن لە بوون و ناسنامە و داکۆکیکردن لە ماف و خواستە ڕەواکانی بووه. گەلەکەمان ههمیشه بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی، دەستکەوتی مەزنی بەدەست هێناوە، کوردستانییانیش بە هەموو جیاوازییە ئیتنی و ئایینی و سیاسییەکانیانەوە، هەمیشە یەک چارەنووسیان هەیە و یەک ئایندە چاوەڕێیان دەکات.
وەفاداریی بۆ ئەم شۆڕشە مەزنە و شۆڕش و ڕاپەڕینە مێژوویییەکانی گهلى كوردستان، کار و هەوڵی بەردەواممان لێ دەخوازێ بۆ پاراستنی دەستکەوتهكانمان و بهزیندووهێشتنەوەی ناو و کار و خەباتی شۆڕشگێڕ و تێکۆشەران و سەربازە ونەکانی شۆڕش، بەر لە هەمووانیش شەهیدانى قارەمان. گەلی کوردستان خاوەنى مێژوویەکی پڕ سەروەرى و مایهى شانازییه، یەکێک لەو سەروەرییە مەزنانهش، شۆڕشی ئەیلوولە.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانى قارەمانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
بەرز و شکۆدار بێت، ساڵیادی پیرۆزی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن.
سڵاو و ڕێز بۆ گیانی خۆڕاگریى گەلی کوردستان.
سڵاو و ڕێز بۆ پێشمەرگهى قارەمان و تێکۆشەرانی شۆڕشی ئەیلوول.
نێچیرڤان بارزانی
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٠/٩/٢٠١٩