Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شوان کەریم: نرخی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ کەم دەکرێتەوە

 

هه‌ولێر-KDP.info-  پڕۆژەیاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ یەکێک لەو پڕۆژانەیە کە پەیوەندیی بە ھاووڵاتیانی کەمدەرامەتی ھەرێمی کوردستانەوە هەیە و ئەندامێکی لیژنەی شارەوانییەکانیش ئاشکرای کرد، ئێستا پێداچوونەوە بە پڕۆژەیاساکەدا دەکرێت و نرخی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ کەم دەکرێتەوە.

 

شوان کەریم، ئەندامی لیژنەی شارەوانییەکانی پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەیاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ لەسەر داوای سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ڕەوانەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کراوە بۆ پێداچوونەوە، چونکە پڕۆژەیاساکە پەیوەندیی بە بابەتی پارەوە ھەیە و دەمانەوێ پڕۆژەیەک لە پەرلەمانەوە دەربکرێت کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەتی ھەرێمی کوردستان بێت، ناکرێت بێ ڕەچاوکردنی ھەندێ خاڵی گرینگ پڕۆژەیاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ لە پەرلەمان تێپەڕێنین."

 

ئەندامەکەی لیژنەی شارەوانییەکان دەڵێت: "لە نێو پڕۆژەیاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆدا ئاماژە بە وەرگرتنی پارە کراوە لە بەرانبەر تاپۆکردنی ھەر خانوویەکدا، بۆ نموونە، لەنێو سەنتەری ناحیەدا بۆ ھەر مەترێک ٣٠ھەزار دینار دیاری کراوە، لە ھەندێ ناحیە نرخی زەوی زۆر بەرزە و ڕەنگە کێشە لە وەرگرتنی پارەدا نەبێت، بەڵام نایشارینەوە لە ھەندێ ناحیە پارچەیەک زەوی نرخی بە چەند ملیۆن دینارێکە، چۆن دەکرێت دوو ئەوەندەی نرخی خۆی تەنیا بۆ تاپۆکردنەکەی وەربگیرێت."

 

شوان کەریم ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پەرلەمان مەبەستییەتی پڕۆژەیاسایەک دەربکات بەرژەوەندیی ھاووڵاتیان لەبەرچاو بگیرێت و دوای پێداچوونەوەش لە وەزارەتی شارەوانی، پڕۆژەیاساکە دەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت و دواتر پەسەند دەکرێت، بەوەش دەتوانین تا ڕادەیەکی زۆر کۆتایی بە کێشەی خاتووی زێدەڕۆ لە ھەرێمی کوردستان بێنین."

 

قائید میرۆ