Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"لە مەخموور ١٠ چەکداری داعش کوژران"

مەخموور-KDP.info-  لە سنووری قەزای مەخموور بەھۆی بۆردوومانی فڕۆکەی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتییەوە ژمارەیەک چەکداری تیرۆریستی داعش کوژران و پێشمەرگەش جەخت لە بەھێزبوونی جووڵەی داعش دەکاتەوە.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە میحوەری مەخموور بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "چەکدارانی تیرۆرستی داعش لە سنووری قەزای مەخموور دەستیان بە جووڵە کردووتەوە و لە لایەن ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتییەوە بەوردی چاودێریی زیادبوونی جووڵەی چەکدارانی تیرۆریستی داعش دەکرێت، چونکە چەکدارەکانی داعش لە ژمارەیەک گوندی ناوچەکە بڵاوەیان پێ کراوە و بە شێوەی مەفرەزە لەنێو مەخمووردا ھاتوچۆ دەکەن."

ئەو سەرچاویە، کە نەیویست ناوی ببرێت، گوتیشی: "دوێنێ فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان لە نزیک گوندی گردەڕەشەی سەر بە قەزای مەخموور کاروانێکی چەکدارانی تیرۆریستی داعشی کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ١٠ چەکداری داعش کوژراون و زیانی زۆریان بەرکەوتووە."

سەرچاوەکەی ھێزی پێشمەرگە ئەوەیشی ئاشکرا کرد: "ژمارەیەک گوندی سەر بە مەخموور بەھۆی مەترسیی داعشەوە چۆڵ کراون و ئەو ناوچانەی لە شەقامی سەرەکییەوە دوورن زیاتر داعش تێیاندا چالاکە و بنکە و بارەگایان تێدا جێگیر کردوون، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە ھێشتا داعش لەو سنوورە ھەیە و دەیەوێ زیاتر خۆی بەھێز بکات."

قائید میرۆ