Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حكوومەت بڕیارێكی نوێی دەركرد و دەست بە جێبەجێكردنی ده‌كرێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دوای ئەوەی داوایان لە ئەنجومەنی وەزیران كرد، كە بەكارهێنانی نایلۆن لە نانەواخانە و سەموونخانەكان قەدەغە بكرێت، لەبەرئەوەی نەخۆشیی شێرپەنجەی لێ دەكەوێتەوە، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا كە بڕیارەكە لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت و گشتاندنیشی بۆ كراوە.

د. هەڵۆ عەسكەری، سەرۆكی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە رێگەی نووسراوێكی فەرمییەوە داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران كرد، كە بەكارهێنانی نایلۆن لە نانەواخانە و سەموونخانەكان قەدەغەبكرێت و لە شوێنی نایلۆن زەرفی كاغەز بەكار بهێندرێت، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران وەڵامی نووسراوەكەی ئێمەی داوەتەوە و داواكارییەكەشی پەسەند كردووە و بەكارهێنانی نایلۆن لە سەرجەم سەمونخانە و نانەواخانەكانی هەرێمی كوردستان قەدەغە دەكرێت".

عەسكەری گوتیشی: "بەكارهێنانی نایلۆن مەترسیدارە و نەخۆشیی شێرپەنجەی لێ دروست دەبێت، بۆیە ئەو داواكارییەمان لە ئەنجومەنی وەزیران كرد و بە خۆشحاڵییەوە ئەوانیش داواكاریی ئێمەیان قبووڵ كردووە".

ناوبراو باسی لەوەش كرد، نووسراوەكە بۆ وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نێردراوە، بۆ ئەوەی ئەوانیش گشتاندنی بۆ سەرجەم پارێزگا و قەزا و ناحیەكان بكەن و دەست بە جێبەجێكردنی بڕیارەكە بكرێت.

 

بڵند ئیبراهیم