Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جەنگی پیرۆز

زكری موسا

شەڕی داعش یەكێكە لە گرنگترین قۆناغەكانی مێژووی نوێی گەلی كوردستان. شەڕی پیرۆز بوو، چونكە تەنیا بەرگریكردن لە خاك و كەرامەتی نیشتیمان نەبوو بەڵكو شەڕی بەهاكان و شەڕی دژی جەهل و تاریكی بوو. لەم شەڕە پیرۆزەدا پێشمەرگە سەركەوت. بۆ یەكەمین جار بوو پێشمەرگە بە پلانی تیروتەسەل و لەسەر ئاستی بەرەیەكی بەرفراوان دوژمنێكی دڕندەی شكاند و هەموو خاكی هەرێمی كوردستانی ئازاد كرد. خاكی بابوباپیرانی بە خوێن و شەڕ مەردانە وەرگرتەوە بە بێ ئەوەی یاساكانی شەڕ پێشێل بكات. سەرۆك بارزانی ڕۆڵی سەرەكیی لە فەرماندەییكردنی ئەم شەڕە بەرفراوانە و بنیاتنانی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا هەبوو، لە ڕاستیدا ئەو خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم سەركەوتنە پیرۆزەیە.

بایەخی شەڕی داعش ئەوەندە فرەڕەهەندە چەندی لەسەری بگوترێت هێشتا كەمە. لەم شەڕەدا بوو كە پێشمەرگە گوێی بە ناكۆكییە سیاسییەكانی حزبەكان نەدا و لە یەك سەنگەردا خوێنی دا. ئەم شەڕە بوو بە هۆی دروستبوونی ڕۆحی هاوبەشی نەتەوە و بڕوابەخۆبوونی دروست كردەوە و تەكانی بە میللەتەكەمان دا كە بە دەنگێكی زوڵاڵ ڕیفراندۆم سەر بخەن. بە سەدان ئەفسەری گەنج لەو شەڕەدا بە باشترین شێوە پێ گەییشتن. سەدان داستانی قارەمانێتی تۆمار كرا. شەڕەكە شەڕی حزبەكان و دەستەڵات نەبوو، شەڕی پیرۆز بوو بۆ خاك و وڵات و نەتەوە و چاكەخوازی، لەمەیش بترازێ شەڕ بوو بۆ مرۆڤایەتی. هەر ئەمەیش وای كرد كە نەیارانی كوردستان تەنگاو ببن و پیلانی لەناوبردنی هەرێمی كوردستان دابڕێژن، ئاخر شەڕەكە شەڕی پێكەوەنانی نەتەوە و نیشتیمانیش بوو و دوژمن چاك لەوە تێگەییشتبوو.

ئەمە بەشێكی پڕ لە شانازیی ژیانی میللەتەكەمانە كە پێشمەرگە تێیدا قارەمان و ئەندازیار و تەوەری سەرەكییە. ئەمە دەبێ بە نەمری بمێنێتەوە و جیلەكانی تر بزانن كە چی ڕووی داوە و چۆن ئەهریمەنی تیرۆر لە خاكی كوردستان بە دەستی ڕۆڵە مەزنەكانمان لە خاك گەوزێندرا.

جێگەی داخە كە كەمترخەمییەكی زۆر دەدیترێت لە ئاست زیندووهێشتنەوەی ئەم داستانە و دەستكەوتە پڕ بەهاكانی. ئەركی حزبەكان و حكوومەت و نووسەر و هونەرمەند و سینەماكار و ڕۆشنبیرانە ڕەهەندەكانی سەركەوتنی پێشمەرگە بەسەر داعش زیندوو ڕابگرن. ئەو خوێنەی كە دراوە كەم نییە، ئەو قارەمانێتییەی نوێندراوە كەموێنەیە، ئەم مێژووەی كە لەسەر دەستی پێشمەرگە تۆمار كراوە دەبێ ببێتە هەوێن بۆ خۆشەویستیی نیشتیمان و ببێتە وانەی بەرخودان و خاكپارێزی بۆ هەموومان. گەلی كوردستان خۆڕاگر بوو و سەرۆك و پێشمەرگە ئەفسانەی داعشیان شكاند، دەمێنێتەوە ئێمە كە چۆن بتوانین ئەم سەركەوتنە بە نەمری بهێڵینەوە.