Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەحموود محەمەد و شاندێکی یۆنامی کۆبوونەوە

هەولێر-KDP.info-  پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ،  ٢٩ی٨ی٢٠١٩ ھەڤاڵ (مەحموود محەمەد) گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە (مانوج ماسیۆ) لێپرسراوی کاروباری سیاسیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق یۆنامی و (فرانک لێڤیلتۆ) راوێژکاری سیاسی و بەرپرسی بەشی سیاسی ئۆفیسی ھەولێری یۆنامی، کرد.

لە دیدارەکەدا، شاندی میوان خۆشحاڵی و پیرۆزبایی یۆنامی و خاتوو (جێنین ھێنیس) نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانیان لە عێراق بە پارتی گەیاند، ئەویش بە بۆنەی دامەزراندنی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێم و، ھاوکات ھەنگاوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان وەکو لایەنی پێکھێنەری کابینەی حکوومەت لە بەشداری پێکردنی لایەنە سەرەکییەکانی کوردستان لە حکوومەتدا و لە پێناو سەقامگیری ھەرێم بەرزنرخاند، ھەروەھا بە گرینگییەوە باسیان لە کارنامەی چوارساڵی داھاتووی حکوومەت کرد و ئومێدی سەرکەوتنیان بۆ خواست.

دواتر گفتوگۆ لەسەر رەوشی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە و عێراق بەگشی کرا و، ئەگەر و پێشھات و گۆڕانکاری و کارتێکەرەکان خرانە بەرباس.

ھەر لە دیدارەکەدا ، ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق، ھەڤاڵ (مەحموود محەممەد) ئاماژەی بە زەرورەتی چارەسەرکردنی رەوشی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان و یەکلاکردنەوەی کێشە و ئاریشەکانی دیکەی نێوان كوردستان و بەغداد دا بەپێی دەستوور و دیالۆگ و لێکتێگەشتن بە نیەتی چارەسەر کردن، کە تاکە رێگەی سەقامگیری و ئارامی تەواوی عێراقە.

لە کۆتایی دیدارەکەدا جەخت لەسەر بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و ھێزە سیاسییەکان و چەسپاندنی ئارامی و سەقامگیری و، خزمەتکردنی ھاووڵاتیان کرایەوە و بۆ ئەمەش رۆڵی یۆنامی بەگرینگ زاندرا.