Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گوندی کۆچۆ شوێنە گەورەکەی کۆمەڵکوژیی ئێزدییان بوو

 

شنگال-KDP.info- گوندی کۆچۆ بچووکترین گوندی شنگالە، بەڵام گەورەترین کۆمەڵکوژی و قوربانی بەر ئەو گوندە کەوتووە و تا ئێستاش ئاسەواری شەڕ و وێرانکاری بەردەوامن و خەڵكی گوندەکەش لە دەست داعشدان.

 

گوندی کۆچۆ  بە 18 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری قەزای شنگال و ئێستا حەشدی شەعبی دەستیان بەسەردا گرتووە. پێش هاتنی داعش زیاتر لە 220  خێزان، واتە 1700 کەس لەو گوندەدا دەژیان.

 

لە کاتی هاتنی داعشدا بۆ شنگال، بەتایبەت بۆ گوندی کۆچۆ، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا (١٥-٨-٢٠١٤)خەڵكی گوندەکەیان کۆ کردەوە و ئافرەت و پیاویان لێک جیا کردنەوە و و منداڵەکانیشیان بردنە شارەکانی ڕەقە و مووسڵ، یەکەم کاریشیان ئەوە بوو کە لە تەنیشت گوندەکە هەموو پیاوانی گوندەکەیان کۆمەڵکوژ کرد و منداڵەکانیشیان بردن بۆ سەربازەگەکان و مەشقیان پی کردن، دواتریش کڕین و فرۆشتنیان بە ئافرەتەکان کرد و دەستدرێژییان کردە سەریان.

 

لە (١٥-٣-٢٠١٩)دا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عیراق بە هاوئاهەنگی یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵییان لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا و بە ئامادەبوونی کەسوکاری قوربانیان و کەسایەتییە ئێزدییەکان هەڵدایەوە.

 

ماڵپەڕی KDP دوایین ئاماری وردی گۆڕی بەکۆمەڵی ئێزدییان لە گوندی کۆچۆ بڵاو دەکاتەوە

 

گرنگیدەری ئامارەکانی جینۆسایدی ئێزدییان لەبارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئێزدییانەوە دەڵێت، تا ئێستا قۆناغەکانی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەردەوامە و لە مانگی داهاتووشدا چەندین گۆڕی تر هەڵدەدرێنەوە.

داود موراد خەتاری، لە لێدوانیکی تایبەتیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''تا ئێستا ٧٣ گۆڕی بەکۆمەڵ لە لایەن شوێنە پەیوەندیدارەکانەوە دۆزرانەتەوە."

خەتاری  گوتی: "لە کۆی ١٧ گۆڕی بەکۆمەڵی گوندی کۆچۆ تا ئێستا ١٦ گۆڕیان هەڵدراونەتەوە و لەو گۆڕە بەکۆمەڵانەشدا ٢٣٥ ڕوفات جەستەی تەواویان هەبوو، ٢٥ ڕوفاتیش هەندێك بەشی جەستەیان هەبوو."

گوتیشی: "بڕیارە لە دەستپێکی مانگی ئەیلوولدا گۆڕی تری گوندی کۆچۆ هەڵبدرێنەوە کە پێشبینیی ٤٣ ڕوفات تلەو گۆڕەدا دەکرێت و سەرجەمی هەمووشیان دەگاتە ٢٧٨ ڕوفات. هەروەها ٢٥ ڕوفات کە جەستەیان تەواو نییە، زۆربەی ئەو ڕوفاتانە بەڵگەنامەکانیان لەگەڵن، وەک ناسنامە و ڕەگەزنامەی عێراقی."

کــاروان بــاعەدری