Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كەركوك و هەڵبژاردن

ئاریان فەرەج

كەركوك بە سەنەد و بەڵگە حاشاهەڵنەگرە مێژوویی و جوگرافی و دیمۆگرافییەكان، كوردستانییە، گەر وانەبا، دابڕینی لە كوردستان و گۆڕینی دیمۆگرافیاكەی، ئەو هەموو تەعریب و تەهجیر و زەبر و زۆرەی رژێمە یەك لە دوایەكەكانی نەدەویست. 

ئەگەر دیمۆگرافیا و پێكهاتەی دانیشتوانی كەركوك گۆڕانی بەسەردا هاتبێت، نەتیجەی ئەو تەعریبە مەنهەجییە درێژ خایەن و بەردەوامەیە، ئەو تەعریبەش ناڕەوا و باتیڵە و هەرچییەكیش لەسەر باتڵ بینا كرابێت باتڵە. كوردیش هەرگیز بەو دەسكارییە ناڕەوا و باتیڵە رازی نەبووە و نابێت و فەرمودەكەی بارزانی نەمر ئەوكات و ئێستاش باشترین وەڵامە( كەركوك ئەگەر یەك كوردیشی تێدا نەمێنێ، هەر كوردستانە). 

لە دەستور و لەو نەخشەرێیەدا كە كورد پێی رازی بوو بۆ چارەی گرفتی كەركوك، تەتبیع بە مانای سڕینەوەی تەعریب، هەنگاوی حەتمیی پێش هەر پرۆسەیەكی راپرسینی كەركوكییەكانە، ئەو قسەیە بۆ هەر سەرژمێری و هەڵبژاردنێكیش راستە گەر لەو شارەدا پێش ئاساییكردنەوە و سڕینەوەی ئاسەواری روداوەكانی دوو ساڵی رابردوو ئەنجام بدرێ، چونكە ئەنجامەكەی گوزارشت لە واقعی ئاسایی و راستەقینەی شارەكە ناكات. 

كەركوك گەر بە زەبری هێز داگیر بكرێ، یاخود بە پشتی تەعریب هەویەیەكی ساختەی بەردا بكرێ و شەرعییەتی یاسایی و ئینتیخابی بۆ ئەو تەزویرە تەئمین بكرێ، جیاوازییان نییە و هەردوكیان زەوتكاری و داگیركردنن. هەڵبەت نە كورد دەچێتە ژێرباری تەسلیم بوون بەو واقیعە سەپێندراوە، نە بەو جۆرە هەوڵە نەزۆك و نامەشروعانەش كێشەی كەركوك یەكلادەبێتەوە، نە ململانێی مێژوویی لەسەر ئەو شارە كۆتایی دێت. 

گەر تا وادەی هەڵبژاردنی پارێزگاكان، یان سەرژمێریی گشتی، باری كەركوك ئاسایی نەكرێتەوە، یاسای هەڵبژاردنیش بە فرت و فێڵ و نەگونجاو بێت، دواخستنی هەڵبژاردن لەو شارەدا تاكە دەرەتانێكە بۆ ئەوەی رێگە لە كێشە و ئاڵۆزی زیاتر بگیرێ. 

دواجار چارەی راستەقینە و بێ غەل و غەش و هەمیشەیی بۆ كێشەی كەركوك، جێبەجێكردنی ماددەی سەد و چل و گێڕانەوەی حەقە بۆ خاوەن حەق و سڕینەوەی هەموو ئەو ناحەقی و تەعریب و دەسكاری و زەوتكارییەیە كە ساڵەهای ساڵە دەرهەق بە كوردستانییەتی ئەو شارە دەكرێ.