Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بڕیارێكی‮ ‬گرنگ بەڵام درەنگ

سەلام عەبدوڵڵا

 لە 3ی ئۆگوستی ساڵی 2014 دڕندەكانی داعش لەژێر ناوی خەلافەتی ئیسلامیدا هێرشێكی لە ناكاو و كتوپڕیان كردە سەر شنگال و دێكانی دەوروبەری كە جێی نیشتەجێبوونی برا ئێزیدیەكان بوو بەهیوای قڕكردن و دیلكردنیان بە پاساوی ئەوەی كە ئەمانە موسڵمان نین و دەبێت لەناوببرێن.

ئێزیدیەكان كە خاوەنی ئاینێكی تایبەت بەخۆیانن لە درێر زەمانەوە بەئاشتی و ئارامی لەو ناوچانەدا دەژین كە زۆرجار دەستدرێژی ناڕەوایان كراوەتەسەر، بەڵام ئەوان هەرگیز تۆڵەسێن نەبوون، بۆیە هەمیشە شەرمەزاری بۆ ئەوانە ماوەتەوە كە دەستدرێژیان كردۆتە سەریان و بە پەڵەیەكی ڕەش و شەرمهێن لەمێژوویاندا لەقەڵەم دەدرێ.

ئەوەی داعش لەو چەند ڕۆژەدا كردی بەهەموو پێوەرێك قڕكردنی بە كۆمەڵ بوو كە لەسەر ئاستی جیهان بەجینۆساید لە قەڵەم دەدرێ و تێیدا زیاد لە شەش هەزار لە ژن و منداڵ و پیر و پەككەوتەو خەڵكی سڤیل دەستگیركرا و پیاوەكانی تێدا كۆمەڵكوژ كران و ژنیش بەسەبی و منداڵەكانیش بەدیل گیران.

دوێنێ پەرلەمانی كوردستان لە بڕیارێكیدا ئەو كۆمەڵكوژییەی(سێ ی ئابی) بە جینۆساید لەقەڵەمدا كە بڕیارێكی بەجێبوو، هەرچەند زۆریش دواكەوت لەگەڵ ئەوەشدا مایەی خۆشحاڵی هەمووان بوو، بەتایبەت، ئێزدیەكان، بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە لەكۆی(111) تەنیا(87) پەرلەمانتار بۆ ئەو دەنگدانە گرنگ و چارەنووسسازە ئامادەبوون واتە(24) ئەندام پەرلەمان لەو دەنگدانەدا بەشدار نەبوون.

تائێستا هۆكاری ئەو ئامادە نەبوونە نازانرێت و داوادەكرێت خودی پەرلەمان ڕوونكردنەوە بدات كە بۆچی ئەندامانی لەو بڕیارە گرنگەدا ئامادە نەبوون، جا لەژێر هەر پاساوێكدا بووبێت.

ڕاستە لە پەرلەمان و سیستەمی دیموكراتیدا ڕای جیاواز و هەڵوێستی جیاواز هەیە لە مەسەلە سیاسییەكاندا، بەڵام لە مەسەلەیەكی نیشتمانی وەك كارەساتی قڕكردنی برا ئێزدیەكان نابێت لەژێر هیچ پاساوێكدا بێهەڵوێستی قبوڵبكرێ، جا لەژێر هەر بیانووێكدابێت، چونكە ئەوە ناچێتە قاڵبی دیموكراتیەوە كە لە كۆمەڵكوژی براكانت هەڵوێست وەرنەگریت. هەر لەم بۆنەیەدا داوا لە پەرلەمان و حكوومەتی عێراقیش دەكەین كە ئەم كەیسە بخاتە بەردەم نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ئەوەی ئەوانیش بڕیاری بە جینۆساید ناساندنی برا ئێزدیەكان بدەن و پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ پەیدابكەن.