Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قوربانی و جەللاد

ئاریان فەرەج 

دەبێ فێربین دەستی تاوان بۆ دوژمن و بكوژەكانمان راكێشین نەك بۆ خۆمان. دەبێ ووریا بین بە لۆژیكی بەدبەختانەی خۆخەتاباركردن، پەرێزی جینایەتكاران و دوژمنان پاك نەكەینەوە، لە بێ ئاگایی و دەردی كوشندەی خۆخۆریەوە، خەتا لە ملی جینایەتكار هەڵنەگرین و بیخەینە ئەستۆی قوربانی. 

بە درێژایی مێژووی ململانێی كورد لەگەڵ دوژمنەكانیدا، هەمیشە ئێمە قوربانی بووین و ئەوان جەللاد. لە هەڵەبجە، لە ئەنفال، لە شنگال، هەمیشە ئێمە ستەملێكراوبویین و ئەوان ستەمكار، ئێمە پەلاماردراوبووین و ئەوان پەلاماردەر، ئێمە بێ تاوان بووین و ئەوان تاوانكار. ئەوپەڕی خۆخۆری و بەدبەختی و بێ ئاگاییە گەر بەقوربانیبوونی خۆمان بخەینە ئەستۆی خۆمان.

كەمدەستی و كەمتوانایی و تەنانەت كەمتەرخەمی خۆمان بكەینە خەتای بە كوشتچونمان نەك دڕندەیی و نامەردفورسەتیی دوژمنەكانمان. تاكە خەتایەك لە هەموو ئەو كارەساتانەدا لە ئەستۆی ئێمە بێت تەنیا و تەنیا كوردبوونمانە و هیچی دیكە نەبووە و نییە. كە لە هەڵەبجە ژەهرخوارد كراین، لەبەر ئەوە بوو كورد بووین، كە ئەنفال كراین تۆمەت و تەقسیر و خەتا و گوناهمان تەنیا كوردبوون بوو. كە لە شنگال كۆمەڵكوژ كراین، لەبەر ئەوەی كوردی رەسەن و نەریتپارێزی كوردەواری بووین. ئەوەی لە شنگال روویدا، تێنوێتی بەخوێنی كورد و قەساوەتی دژە ئینسانییانەی دوژمنەكانی نەتەوەی كورد بوو، بچوككردنەوەی رودوەكان و دوژمننەناسی و خاترگرتنی دوژمنانە گەر پێمان وابێ خەتای ئەوەی رویدا لە تەقسیر و كەمتەرخەمی خۆمان بوو.

خۆخۆری و ناهۆشیارییە گەر تەنیا داگیركردنی شنگال ببینین و بەڵام داستانی سەخت و خوێناویی ئازادكردنەوەی لەدەستی داعش بە دەستو بازووی پێشمەرگەی كوردستان نادیدە بگرین. 

جووەكانی سەردەمی نازیزم كە لەسەرەتاوە تەنیا مافە مەدەنییەكانیان لێسەندرایەوە، خەتابار نەبوون گەر پێشبینییان نەكردبێ ئەو سەرەتایە دواجار دەگات بە قەتل وعامی هۆلۆكۆست. جووەكان لەو مەرگەساتەی بەسەریان هات، قەت لە جێی نازییزم، خۆیان خەتابار نەكرد، بۆیەش سەركەوتن.

با لە میلەتانی دیكەوە فێر بین، خەتای تاوانكار نەخەینە ئەستۆی تاوانلێكراو، گلەییكردن لە قوربانی، كەمكردنەوەیە لە تاوانی تاونكاران.