Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكایەتیی شارەوانی: ناوچه‌ی پیشەسازیی باكوور و باشووری ھەولێر دەگوازرێنەوە

هەولێر-KDP.info- بڕیارە ھەردوو ناوچەی پیشەسازیی باكوور و پیشەسازیی باشوور لە نێو سەنتەری شاری ھەولێر بگوازرێنەوە، گوتەبێژی سەرۆكایەتیی شارەوانیی ھەولێریش دەڵێ: "ئێمە لای خۆمانەوە بڕیاری گواستنەوەی پیشەسازییەكانمان دەكردووە و چاوەڕێی رێكارەكانین لەلایەن پارێزگای ھەولێر و سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە".

ھەردوو ناوچەی پیشەسازیی باكوور و باشووری ھەولێر، كە دەكەونە دوو ناوچەی ستراتیژی شاری ھەولێرەوە، بڕیارە بگوازرێنەوە و لە شوێنی ئەوان پڕۆژەی دیكە جێبەجێ بكرێت. لەو بارەیەوە، كرمانج دەشتەكی، گوتەبێژی سەرۆكایەتیی شارەوانی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "شاری ھەولێر زۆر فراوان بووە و كاتی خۆی كە ئەو ناوچانە كراونەتە شوێنی پیشەسازی، رەنگە تا رادەیەك گونجاو بووبێت، چونكە دەكەونە كۆتایی شارەوە، بەڵام ئێستا ھەردوو پیشەسازی كەوتوونەتە چەقی شار و چەندین گەڕەكی نوێ دەوری ھەردوو پیشەسازییان داوە و شاری ھەولێر زۆر گەورە بووە، لەبەر ئەوە پێویستە بگوازرێنەوە شوێنی گونجاو".

گوتەبێژی سەرۆكایەتیی شارەوانی ھەولێر دەشڵێت: "پێشتر سەرۆكایەتیی شارەوانیی ھەولێر بڕیاری گواستنەوەی ھەردوو پیشەسازی دەركردووە و زەوییش بۆ پیشەسازیی نوێ دابین كراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ھەردوو پیشەسازی لە سەدان شوێن و دووكان پێك ھاتوون و خەڵكێكی زۆر تێیاندا كار دەكەن، گواستنەوەی كارێكی ئاسان نییە و پێویستی بە دیراسەتی ورد ھەیە".

دەشتەكی روونیشی كردەوە: "بە ھۆی ئەو رەوشەی ھەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕی، وەك شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، پڕۆسەی گواستنەوەی ھەردوو پیشەسازیی باكوور و باشوور دوا كەوت، بەڵام دواجار ھەر دەبێ جێبەجێ بكرێت، چونكە پایتەخت پێویستی بە سیمایەكی جوان ھەیە و ئێستا تەنھا رەزامەندیی پارێزگای ھەولێر و سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ماوە بۆ گواستنەوەیان".

 

قائید میرۆ