Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كۆنسووڵی فەخریی سریلانكا: پێشكەوتن و ئارامیی كوردستان مایەی خۆشحاڵی كۆنسووڵە فەخرییەكان بوو

هەولێر-KDP.info- بۆ یەكەمجار 20ی ئەم مانگە هەولێری پایتەخت میوانداریی كۆبوونەوەی دووەمی ئەنجوومەنی كارگێڕیی یەكێتیی عەرەبیی كۆنسووڵە فەخرییەكانی كرد، كۆنسووڵی فەخریی سریلانكا و جێگری سەرۆكی یەكێتیی عەرەبیی كۆنسووڵە فەخرییەكانیش دەڵێ، كۆنسووڵە فەخرییەكانی ئەنجوومەنی كارگێڕیی یەكێتیی عەرەبی، زۆر سەرسام بوون بە پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان و لە داهاتوودا پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كوردستان بەهێزتر دەكەن.

دكتۆر ئەحمەد جەلال، كۆنسووڵی فەخریی سریلانكا و جێگری سەرۆكی یەكێتیی عەرەبیی كۆنسووڵە فەخرییەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "دوای ئەوەی ئەنجوومەنی كارگێڕیی یەكێتیی عەرەبیی كۆنسووڵە فەخرییەكان لەسەر داوای ئێمە بڕیاری دا لە هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی دووەمی خۆی ئەنجام بدات، رۆژی 20 ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی ئەنجوومەن لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو، كە بۆ هەموو ئەو كۆنسووڵانەی سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردبوو و هەر‌وەها زۆربەی كۆنسووڵە فەخرییەكان، پێشكەوتن و جوانی و پێكەوەژیان و ئارامیی كوردستان، شتێكی كتوپڕ و مایەی خۆشحاڵی بوو بۆیان، چونكە یەكەمجار بوو كوردستان ببینن، بۆیە زۆر پێی سەرسام بوون و دەیانگوت لە كاتێكی كەم كوردستان پێشكەوتنێكی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، كە چەندین وڵاتی عەرەبی و ئەفریقی هەن چەندان ساڵە دەوڵەتن و وا پێشكەوتوو نین‌‌".

جەلال ‌دەشڵێ: "بەرنامەیەكی باشمان ئامادە كردووە بۆ ئەوەی بتوانین پەیوەندیی نێوان وڵاتانی ئەفریقی و عەرەبییش وەكو وڵاتانی ئەورووپا لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەهێزتر بكەین و، كۆنسووڵخانە لە هەولێر بكەنەوە،‌ چونكە كوردستان هەرێمێكی پێشكەوتوو و ئارامە، هەروەها شوێنێكی بازرگانی و ئابووری و كولتوورییە و خەڵكەكەیشی میواندۆستە، كە بەپێی بەرنامەكە لە داهاتوودا پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقی بەهێزتر دەبن‌."

كۆنسووڵی فەخریی سریلانكا ئاماژەشی دا: "سەرۆكی ژووری بازرگانیی و‌ڵاتانی عەرەبی و ئەفریقی لەگەڵ شاندەكە هاتبوون، وەكو سەرەتا دوو رێككەوتنی لێكتێگەیشتن لەگەڵ ژووری بازرگانیی هەرێمی كوردستان واژۆ كران بۆ ئەنجامدانی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی بازرگانین، لە پلانی ئەوانیشدایە زۆر شتی تر لە هەرێمی كوردستان لە داهاتوودا ئەنجام بدەن، هەروەها بازرگانێكی سعوودیەش لەگەڵ شاندەكە بوو و بڕیارە كۆمپانیایەكی هێڵی ئاسمانی لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێنێت".

شایەنی باسە، ژمارەی كۆنسووڵی فەخری لە وڵاتانی عەرەبی، دەگاتە 705 كۆنسووڵ كە دابەش بوونە بەسەر 20 وڵاتدا و پێكدێن لە كەسایەتیی ئابووری و بازرگانی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و كار بۆ تۆكمەكردن و بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان وڵاتانی بەشداربووی یەكێتییەكە دەكەن.

 

نەشوان بەرزنجی