Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

له‌ دوێنێوه‌ زیاتر لە 4000 واژۆ کۆکراوەتەوە بۆ ماددەی 140و گەڕانەوەی پێشمەرگە

 
خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین دەڵێ، کۆکردنەوەی واژۆ لە خانەقین بۆ گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە و جێ بەجێکردنی ماددەی١٤٠بەردەوامی ھەیە و، تا ئێستا ٤ ھەزار واژۆش لە لایەن سەرجەم پێکهاتەکان کۆکراوەتەوە، وێڕای هەوڵی زۆر و رێگری هێزە عێراقییەکان. 
 
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "چەند رۆژێکە لە خانەقین خێمە ھەڵدراوە و واژۆ کۆدەکرێتەوە بۆ ئەوەی ماددەی ١٤٠جێبەجێ بکرێت و، ھێزی پێشمەرگەش بگەڕێتەوە ناوچەکە، بۆ ئەو مەبەستەش ھەموو پێکھاتەکان بە کورد و عەرەب و تورکمان ڕوو لە خێمەکان دەکەن و واژۆ دەکەن، چونکە ھەمووان داوا دەکەن بۆ ئەوەی ئەمنییەت لە ناوچەکەیان هەبێت، ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە و ماددەی١٤٠جێبەجێ بکرێت، بۆیە تا دوێنێ ئێوارە زیاتر لە چوار ھەزار واژۆ کۆکراوەتەوە.
 
شێخ جەعفەر گوتیشی: "فەرماندەی ھێزەکانی عێراق سەردانی بەڕێوبەری پۆلیسی کرد، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە رێگری لە کۆکردنەوەی واژۆ بگیرێت، دوای ئەوەی ھیچ سوودێکی نەبوو، خۆی رۆیشتە لای ئەو کەسانەی واژۆ کۆدەکەنەوە و داوای لێکردن بە بیانووی ئەوەی قەرەباڵغی درووست دەبێت و مەترسی ئەمنی ھەیە، پێویستە خێمەکان دابخەن و رێگریان لێ بکات، بەڵام ئەو کەسانە ئامادە نەبوون پێشوازی لێ بکەن و، باسیان لەوەشکرد بەردەوام دەبن لە واژۆ کۆکردنەوە، ئەگەر رێگریان لێ بکرێت وەڵامێکی تووندیان دەبێت، بۆیە ئەویش نەیتوانی رێگریان لێ بکات و کۆکردنەوەی واژۆش بەردەوام دەبێت.
 
بڵند ئیبراھیم