Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا كۆده‌بێته‌وه‌

هەولێر-KDP.info- له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ماتیۆ توله‌ر باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری، به‌ڕێز توله‌ر پیرۆزبایی دامه‌زراندنی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێم كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست، هه‌روه‌ها نیگه‌رانیی خۆی بۆ ڕووداوه‌ تاوانكارییه‌كه‌ى ئه‌مڕۆی ته‌قه‌كردن له‌ ڕێستۆرانتێكی هه‌ولێر ده‌ربڕی و پشتگیریی خۆی بۆ ئارامی و سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان نیشان دا.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 17/7/2019 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی ده‌ستووریى كێشه‌كان، په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا، به‌رده‌وامیی هاوكاریی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق و هاوپه‌یمانان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر له‌و ناوچانه‌ی مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌یان هه‌یه، هاندانی كۆمپانیاكان بۆ به‌شداریكردن له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ زیانبه‌ركه‌وتووه‌كان، خرایه‌ به‌ر باس و گفتوگۆ.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، سوپاسى پشتگیرى و هاوكارییه‌كانى ئه‌مه‌ریكاى بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق كرد و خه‌جتى له‌ خواست و ئاماده‌ییى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدرالى عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور كرده‌وه‌.

تاوتوێكردنی دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و پرۆگرامی داهاتووی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رده‌وامیدان به‌ چاكسازییه‌كان و ڕێكخستنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.