Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شێروان دووبەردانی: كاتی ئەوە هاتووە ئەنجوومەنی باڵای فیدڕاڵی پێك بهێندرێت

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باس لەوە دەكات، كاتی ئەوە هاتووە كە لایەنە عێراقییەكان بگەنە ئەو باوەڕەی ئەنجوومەنی باڵای فیدڕاڵی پێك بهێندرێت، كە بەشێكی زۆری گرفتەكان چارەسەر دەكات.

شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "زۆر پرس هەبوون لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا گەنگەشە كراون بە بێ ئەوەی كورد رۆڵی تێیاندا هەبێت، بە تایبەت پرسی یاسای نەوت و گاز و هەناردەی نەوتی عێراق بۆ دەرەوە، هەروەها پرسی وەزارەتی بەرگری و سوپای عێراق و بودجە، كە سەرجەمیان دەرئەنجامی ئەوەن تاكبڕیاری لە عێراقدا هەیە و لایەنەكانی دیكە وەك هاوبەش سەیر ناكرێن".

دووبەردانی گوتیشی: "وەك پارتی پێشتریش داوامان كردووە ئەنجوومەنی باڵای فیدڕاڵی لە عێراق دروست بكرێت، كە لە دەستووری عێراقدا ئاماژەی پێدراوە، ئەم ئەنجوومەنەش بڕیار لە دەست تاكە لایەنێكدا ناهێڵێتەوە، چونكە ئێستا زۆربەی بریارەكان بە دەست لایەنە شیعەكانەوەن".

دەشڵێ: "ئەگەر ئەم ئەنجوومەنە دروست بكرێت، زۆربەی بڕیارەكان لە عێراق بە تەوافوقی دەدرێن و ئەمەش بۆ سەرجەم عێراق باش دەبێت، بەڵام بەداخەوە هەست دەكەین جددییەت لە دروستكردنی ئەو ئەنجوومەنەدا نییە، بۆیە گرینگە هەرێمی كوردستانیش مەرجی دروستكردنی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی لە عێراقدا ببەسێتەوە بە رێككەوتنی سیادیی نێوان هەولێر و بەغدا و رێككەوتنی نەوت، چونكە دروستكردنی ئەو ئەنجوومەنە، كە نوێنەری كوردی تێدا بێ لەگەڵ نوێنەری پێكهاتەكان و نوێنەری سوننە و شیعە، دەبێتە رایەڵەیەكی گرینگ لە نێوان پەرلەمان و دەسەڵاتی سیادی و تەشریعیدا".

ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند، نزیكەی ٥٠ خاڵ لە دەستووری عێراقدا جێبەجێ نەكراون، كە بەشێكی زۆری هۆكارەكەی ئەوەیە، ئەو ئەنجوومەنە لە عێراقدا نییە.

كارزان هه‌ورامی