Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كابینەی نۆیەم، بە زوویی دەست بە قۆناغی دووەمی سیستەمی بایۆمەتری ده‌كات

ھەولێر-KDP.info- لە كابینەی ھەشتەمدا، قۆناغی یەكەمی سیستەمی بایۆمەتری بە سەركەوتوویی بەڕێوە چوو، سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیارییش دەڵێت، لە كارنامەی كابینەی نۆیەمدایە بە زوویی دەست بە قۆناغی دووەمی سیستەمی بایۆمەتری بكرێت.

ھیوا ئەفەندی، سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاریی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "قۆناغی دووەمی بایۆمەتری بودجەی بۆ تەرخان كراوە، بەڵام ھێشتا دەستی پێنەكردووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندایە، كە بە زوویی دەست بە قۆناغی دووەمی سیستەمی بایۆمەتری بكرێت."

ئەفەندی، گوتیشی: "لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا، گرنگییەكی تایبەت بە خزمەتگوزارییە ئەلیكترۆنییەكان دەدرێت بە مەبەستی ئاسانكاری بۆ ھاووڵاتیان، یەكێك لەو بەرنامانەی حكوومەتیش، ژمێریاریی ئەلیكترۆنی و میلاكاتی ئەلیكترۆنییە، كە ھەردووكیان بەشێكن لە قۆناغی دووەمی پڕۆسەی بایۆمەتری".

لە قۆناغی یەكەمی پڕۆسەی بایۆمەتری لە كابینەی ھەشتەم و سەردەمی سەرۆكوەزیران نێچیرڤان بارزانیدا، توانرا حكوومەت داتایەكی دەست بكەوێت، كە زانرا یەك ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە ھەرێمی كوردستاندا ھەن.

 

فایزە كۆیی