Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لایەنە عێراقییەكان لەبارەی یاسای ھەڵبژاردنەوە نەگەیشتوونەتە رێككەوتن

بەغدا-KDP.info- بڕیارە هەفتەی داھاتوو جارێكی دیكە پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە و یەكێك لەو پڕۆژەیاسایانەی بڕیارە پەرلەمان یەكلای بكاتەوە، پڕۆژەیاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقە، پەرلەمانتارێكی پارتیش دەڵێ، ناكۆكیی زۆر ھەیە و كوتلەكان نەگەیشتوون بە رێككەوتن.

ھەدار بارزانی، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "یەكێك لەو پڕۆژەیاسایانەی پەرلەمان دەیەوێ بەر لەوەی بچێتە پشووی ھاوینەوە یەكلای بكاتەوە، پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراقە، بەڵام بەداخەوە كوتلەكان تا ئێستا نەگەیشتوون بە رێككەوتن و زەحمەتە بەو ئاسانییەش یەكلا ببێتەوە".

پەرلەمانتارەكەی پارتی دەڵێت "لایەنە عێراقییەكان لە ھەوڵدان بۆ پەسەندكردنی پڕۆژەكە، بەڵام ناكۆكیی نێوانیان وای كردووە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای ھەڵبژاردنەكان دوا بكەوێت، بە تایبەتی لایەنی سوننە زۆر ناڕازین بە شێوەی ئێستا پڕۆژەكە تێپەڕێت".

لەبارەی ھەڵوێستی كوردیشەوە، ھەدار بارزانی گوتی "خاڵێكی نێو پڕۆژەیاساكە ناكۆكیی زۆری لەسەرە، كە پەیوەستە بە دیاریكردنی رێژەی دەنگدەر بۆ ناوچەكان، چونكە بەوە بێت ئەگەر لایەنەكان رێژەیەكی زۆری دەنگ بەدەست نەھێنن، بۆیان ھەژمار ناكرێت، ئێمە وەك فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان پێداگریی ئەوەمان كردووە، كە پێویستە یەكلا بكرێتەوە و بەرژەوەندیی ھەموو لایەن و پێكھاتەكان لە بەرچاو بگیرێت، ھەندێ ھێزی سوننە و بەشێك لە شیعەش ھەمان بۆچوونیان ھەیە، چونكە ئەگەر وەك لە پڕۆژەكەدا ھاتووە رێژەی دەنگدان بەرز نەكرێتەوە، ئەوا لە ھەندێ ناوچەی وەك دیالە دەنگی كورد دەفەوتێت".

 

قائید میرۆ