Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جەردی ھەموو چەكی ھەرێمی كوردستان بە فەرمی و نافەرمییەوە دەكرێت

هەولێر-KDP.info- بە گوێرەی پلانێكی وەزارەتی ناوخۆ، جەردی ھەموو چەكی ھەرێمی كوردستان بە فەرمی و نافەرمییەوە دەكرێت، ئەندامێكی لیژنەی ناوخۆش دەڵێ، جۆرەھا چەك لە دەست ھاووڵاتیانە و پێویستە بە یاسایەكی نوێ راماڵینی چەك دەستی پێبكرێت.

رێڤینگ ھرووری، ئەندامی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پەرلەمانی كوردستان یاسای چەك لە ھەرێمی كوردستان ھەموار دەكاتەوە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو چەكەی ھەیە بە فەرمی و نافەرمییەوە، بەڵام سەرەتا وەزارەتی ناوخۆ دەیەوێ جەردی ھەموو چەكەكان بكات، ھەتا بزانن چ جۆرە چەكێك لە دەستی ھاووڵاتیاندا دەمێنێتەوە و چ چەكێك دەستی بەسەردا دەگیرێت، بەپێی پلانی وەزارەتی ناوخۆ، دوای جەردی چەك، ھەموو دەخرێتە نێو سیستەمێكی ئەلیكترۆنیی پێشكەوتوو بە كۆمپیۆتەر و ھەموو چەكێك كۆنتڕۆڵەكەی لە دەست حكوومەتدا دەبێت".

ئەندامەكەی لیژنەی ناوخۆ گوتیشی: "سیستەمی ئەلیكترۆنی بەو شێوەیە دەبێت، لە ھەموو ناوچەكان ئاماری چەك كۆدەكرێتەوە و بەسەر جۆری چەكەكاندا دابەش دەكرێت، دواتر لێك جیا دەكرێتەوە كە چ جۆرە چەكێك مافی ھەیە مۆڵەتی بۆ وەربگیرێت و چ چەكێك رادەستی حكوومەت دەكرێتەوە".

ھرووری ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "زۆربەی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان خاوەنی چەكن، ئێمە دەمانەوێ بە چەند قۆناغێك چەك داماڵین لەنێو ھاووڵاتیاندا، ئەویش بە دەركردنی یاسایەكی نوێ، چونكە ناكرێت ئەو ھەموو چەكە لە دەست ھاووڵاتیاندا بێت و تاوانی پێ ئەنجام بدرێت، بەڵام ھەنگاوی سەرەكی ئەوەیە، پێویستە رۆشنبیرییەك لای تاك دروست بكرێت، كە چەكی بۆ چییە و خۆی ھەڵینەگرێت".

 

قائید میرۆ