Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گوتەبێژی فڕاكسیۆنی پارتی: ھەرێم مەرجی بۆ دەركردنی یاسای نەوت و غاز ھەیە

بەغدا-KDP.info- ئامادەكاری بۆ دەركردنی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز لە عێراق دەكرێت و گوتەبێژی فڕاكسیۆنی پارتیش لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، ھەرێمی كوردستان چەند مەرجێكی لەبارەی دەركردنی پڕۆژەیاساكەوە ھەیە و پێویستە لە بەرژەوەندیی ھەموو گەلانی عێراقدا بێت و مافە دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستانیش لەنێو یاساكەدا جێگیر بكرێن.

 دكتۆر ئارام باڵەتەیی، گوتەبێژی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تا ئێستا سێ رەشنووس بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ئامادە كراون، بەڵام ھیچكام لەو سێ رەشنووسە پەسەند نەكراون، ئێمە وەك ھەرێمی كوردستان كێشەمان لەگەڵ ئەوەدا نییە كەرتی نەوت و غازی عێراق بە یاسایەكی یەكگرتوو رێك بخرێت، بەڵام ھەر پڕۆژەیاسایەكی نوێ بۆ كەرتی نەوت و غاز ئامادە بكرێت، پێویستە بەرژەوەندیی ھەموو پێكھاتەكانی عێراقی تێدا لە بەرچاو بگیرێت، لەوانەش بەرژەوەندیی ھەرێمی كوردستان".

گوتەبێژی فڕاكسیۆنی پارتی دەشڵێت: "ناكرێ یاسایەك بۆ كەرتی نەوت و غازی عێراق دەربكرێت پێچەوانەی بڕگە و ماددەكانی نێو دەستووری عێراق بێت، بەڵكوو پێویستە ھەموو ئەو مافانەی لە دەستووردا لەبارەی كەرتی نەوت و غاز بە ھەرێمی كوردستان دراون، لەنێو یاسای نوێدا جێگیر بكرێن".

ئارام باڵەتەیی روونیشی كردەوە: "مەرجی ھەرێمی كوردستان بۆ پەسەندكردنی ھەر پڕۆژەیاسایەكی كەرتی نەوت و غاز، دەرنەچوونە لە چوارچێوەی دەستووری ھەمیشەیی عێراق و لە بەرژەوەندیی ھەموو گەلانی عێراقدا، ھەروەھا ئەوە لەبەر چاو بگیرێت عێراق دەوڵەتێكی فیدڕاڵییە نەك وەكوو پێشتر دەوڵەتێكی مەركەزیی تاكلایەنە بێت، لەبەر ئەوەی بەشێك لە دەسەڵاتدارانی عێراق ئێستاش لەو باوەڕەدان عێراق وڵاتێكی مەركەزییە، ئەوەش لای ئێمە قبووڵ نییە".

لەبارەی كاتی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز، باڵەتەیی گوتی: "پەرلەمانی عێراق دەكەوێتە پشووی ھاوینە و لە مانگی ئەیلوولدا دەستبەكار دەبێتەوە، ئەگەر ئامادەكاریشی بۆ بكرێت و ھەنگاو بنێین، بەڵام پێشبینی دەكەین پەسەندكردنی پڕۆژەیاساكە بكەوێتە ساڵی ئاییندەوە".

 

قائید میرۆ