Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پێشمەرگە و سوپای عێراق لە کەرکووک ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەش بەڕێوە دەبەن

 

کەرکووک -KDP.info- لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنەکانی کەرکووک سەردانی میحوەری پردێی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد و لەگەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە لەبارەی ڕەوشی سەربازیی کەرکووکەوە دانوستانیان کرد. سەرچاوەیەکیش ئاشکرای کرد، ھەول ھەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەش.

 

لەوبارەیەوە، سەرچاوەیەک لە ھێزی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانەکەی شاندی سەربازیی کەرکووک بۆ میحوەری پێشمەرگە پەیوەست بوو بەو ڕەوشە ئاڵۆزەی کەرکووکی گرتووەتەوە، لەبەر ئەوە، پێشمەرگە و سوپای عێراق بەوردی باسیان لە ڕەوشی ئەمنیی پارێزگای کەرکووک کرد."

 

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ببرێت، گوتی: "لە کۆبونەوەی ڕابردوودا ھەردوولا لەبارەی ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق دانوستانیان کرد، بەڵام دیار نییە کەی ئۆپەڕاسیۆنەکە بەڕێوە دەچێت و چ ناوچەیەکی کەرکووک دەگرێتەوە، چونکە ھێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەی بەڕێوەچوونی ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەشەوە نەدراوە."

دەربارەی جووڵەی داعش لە کەرکووک، ئەو سەرچاوەیەی پێشمەرگە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "داعش لە چەند ناوچەیەکی کەرکووک جووڵەی بەھێزە و کەڵکیان لەو ناوچانە وەرگرتوە کە دەکەونە نێوان میحوەری پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە. لەبەر ئەوەش، پێویستە پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ کەرکووک و پێکەوە ئۆپەڕاسیۆن دژی داعش بەڕێوە ببەن."

قائید میرۆ