Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانى و ماكرۆن دۆخى ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن

فەڕەنسا-KDP.info- به‌ڕێز ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا پشتگیریى وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و خۆشحاڵى و پشتگیریى خۆى بۆ به‌ره‌وپێشچوونى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆ و هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدرالى عێراق ده‌ربڕى.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 10/7/2019 له‌ كۆشكى ئه‌لیزێ له‌ پاریس، به‌ڕێز ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا پێشوازى له‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا هه‌ردوولا دوایین پێشهاته‌ ئه‌منى و سیاسییه‌كانى ناوچه‌كه‌، په‌یوه‌ندى و كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنیان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان و چۆنیه‌تیى هاوكاریكردنى گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌كانیان، تاوتوێ كرد.

به‌ڕێز ماكرۆن، سوپاس و پێزانینى فه‌ڕه‌نساى بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و شكاندنى تیرۆر و پێشوازیكردنى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پاراستنى پێكهاته‌ ئاینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ فه‌ڕه‌نسا له‌ چوارچێوه‌ى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا و له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش له‌ پشتگیریى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى سوپاسى پشتگیرى و هاوكارییه‌ سه‌ربازى و سیاسى و مرۆییه‌كانى فه‌ڕه‌نسا، به‌تایبه‌تى ئاماژه‌ى به‌ ڕۆڵى سه‌رۆك ماكرۆن كرد له‌ پشتگیریى سیاسى و دیپلۆماسیى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌كاندا كه‌ بووه‌ هۆى كردنه‌وه‌ى ده‌رگاى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان.

به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى دۆخى هه‌رێمى كوردستان، عێراق و ناوچه‌كه‌ى پێشكه‌ش كرد، جه‌ختیشى له‌ پاراستن و په‌ره‌پێدانى كولتوورى پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى له‌نێوان پێكهاته‌ ئاینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌.

ده‌رفه‌تى كار و وه‌به‌رهێنان بۆ كۆمپانیا فه‌ڕه‌نسییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى بازرگانى و ئابووریى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ فه‌ڕه‌نسا، بارودۆخى سووریا و مه‌‌ترسیى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تیرۆر، به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى هه‌ردوولا بوون.