Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نەتەوە یەكگرتووەكان پشتگیری لە بەرنامەی حكوومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان دەكات

هەولێر-KDP.info- نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، لە دیداریدا لەگەڵ مەسروور بارزانی، پشتگیریی نەتەوە یەكگرتووەكانی بۆ بەرنامەی حكوومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان دەربڕی.

مەسروور بارزانی، راسپێردراوی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 2/7/2019 پێشوازی لە خاتوو جینین هینیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و شاندی یاوەری كرد.

لەم دیدارەدا، وێڕای تاوتوێكردنی پێشهات و پەرەسەندنەكانی عێراق و ناوچەكە، پڕۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا و رەوشی ناوچەكانی تایبەت بە ماددەی (١٤٠) تاوتوێ كرا و جەخت لە چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور كرایەوە.

 لە دیدارەكەدا، مەسروور بارزانی تیشكی خستە سەر ڕۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی پرسە هەڵواسراوەكان، لەنێویاندا ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك و ئادەدانكردنەوەی ناوچە زیانمەندەكانی شەڕی تیرۆریستانی داعش و رایگەیاند، چاودێری و سەرپەرشتیكردنی پڕۆسەكە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، بە پێویست دەزانرێت.

لەلای خۆیەوە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، خۆشحاڵیی خۆی بە هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشڤەچوونەكانی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەربڕی و پشتگیریی نەتەوە یەكگرتووەكانیشی بۆ هەوڵ و بەرنامەی حكوومەتی داهاتوو لە بواری چاكسازی و چارەسەركردنی كێشە  و پرسە هەڵواسراوەكان نیشان دا.