Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەزارگەکانی ئێزدییان ئاوەدان کرانەوە

دەشتی نەینەوا-KDP.info- نەک هەر شنگال، بگرە ناوچە ئێزدینشینەکانی دەشتی نەینەواش کەوتنە بەر پەلاماری ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و ناوچاکانیان کاول کرد. ئێزدییەکانی دەشتی نەینەوا لە هی شنگال جیاواز بوون، هیچیان نەکەوتنە دەست داعش، بەڵام هاوشێوەی شنگال ناوچەکانیان خاپوور کرا و هەموو مەزارگە و نیشانگە ئایینییەکانیان لەناو بران.

هەر ڕفاندن و کوشتن و ئاوارەکردن نا، بگرە لە لایەن داعشەوە هەموو پیرۆزەییە ئایینییەکانی ئێزدیانیان لەنێو بران و لە گرتە ڤیدیۆییەکانیشدا بە گاور لەقەڵەمیان دان.

لە دەشتی نەینەوا چەند ناوچەی ئێزدییان کەوتنە دەست داعش، وەکو ناحیەی باشیک و ناوچەی بەحزان و کۆمەڵگای بابیری کە دەکەوێتە سەر قەزای تلکێف لە دەشتی نەینەوا.

بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوبەرایەتیی کاروباری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقاف، ٦٨ مەزارگە و نیشانگەی ئایینیی ئێزدییان لە لایەن داعشەوە خاپوور کراون.

ئێزدییەکانی دەشتی نەینەوا هەموو مەزارگەکانیان لەسەر حیسابی خۆیان و لە ڕێگای خێرخوازانی نێو خەڵکەوە ئاوەدان کردەوە، کەچی حکوومەتی عێراق هیچ گرنگییەکیشی پێ نەداون.

نەسر حەجی دوملی، یەکێک لە خزمەتکارانی ئایینی ئێزدی لە باشیک دەڵێت: "داعش ٤٠ مەزارگە و نیشانگەی ئایینیی لەنێو بردبوون، بەڵام ئێمە بە هاوکاریی خێرخوازان هەموومان ئاوەدان کردنەوە وەک تەحەدایەک بۆ داعش و هاوبیرەکانیان."

نەسر حەجی دوملی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "بۆ هەر مەزارگەیەکی ئایینی ٢٥ تا  ٣٠ هەزار دوڵاری تێچوو بووە، بەڵام تێچووی نیشانگەکان بە ڕێژەیەکی کەمتر بووە."

لە ٦/٨/٢٠١٤ داعش هێرشی کردە سەر تلکێف و کۆمەڵگای بابیری، کە دانیشتووەکانیان کوردی ئێزدین، بۆیەش هەرچی مەزارگە و نیشانگەیان هەبوو، لە لایەن داعشەوە خاپوور کران.

لەو بارەیەشەوە، فاڕووق شێخ فەخری، بەرپرسی ڕاگەیاندنی نووسینگەی لالشی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگای بابیری ڕایگەیاند: "ئێمە چوار مەزارگەمان لە کۆمەڵگاکەمان هەیە، کە بریتین لە شەخسێ باتێ، شێخ موخفی و، دوو مەزارگەی مەلک شێخسن. کاتێک داعش هات هەر چواریان ڕووخاندن."

فاڕووق دەڵێ: "١٥ ڕۆژ کۆمەڵگاکەمان لە ژێر دەستی داعشدا بوو، دوواتر لە لایەن پێشمەرگەوە ڕزگار کرا، کەچی شارێکی کاول و پڕ لە ترس دیار کەوت."

فاڕووق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "دوواتر کە هاتینەوە ناوچەکەمان بە هاوکاریی خێرخوازان و کەسایەتییە ئێزدییەکان دەستمان کرد بە ئاوەدانکردنەوەیان، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ دوژمنان، بۆ ئەوەی نەڵێن ئێزدی لە ناوچەکە نەماون، چونکە ئامانجیان لەنێوبردنی پێکهاتەکان و بەتایبەت ئێزدییەکان بوو لە ناوچەکەدا."

ئێزدییەکان بە جلوبەرگی ڕەسەنی ئێزدییان و نزاکردن بۆ خوا و پێشکێشکردنی خۆراک بۆ میوانان و هەژارانی ناوچەکە، هەموو مەزارگەکانیان بە ڕێوڕەسمی تایبەت، کە بابەشێخ، باوکی ڕۆحیی ئێزییان و تەواوی پیاوە ئایینییەکان و چەندین کەسایەتی تێیدا ئامادە بوون، کردەوە.

لەو بارەیەشەوە، جەعفەر سمۆ، بەڕێوبەری کاروباری ئێزدییان لە دهۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "هەرکاتێک زانیمان دەسەڵاتی عەسکەرتاری لە ناوچەکانی دەشتی نەینەوا و شنگال نامێنێت، هەموو مەزارگەکان نۆژەن دەکەینەوە."

سمۆ گوتیشی: ''ئێمە بەردەوامین لە نوژەنکردنەوەی تەواوی مەزارگەکانی ئێزدییان لە پارێزگای دهۆک و هاوکاری و هاوئاهەنگییش دەکەین بۆ ئەوانەی تر لە شنگال و دەشتی نەینەوا."

کــاروان بــاعەدری