Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گوڕە بەکۆمەڵەکانی شنگال سووتاون

شنگال-KDP.info- شنگالییەکان جیا لەوەی کە ئاوارە و دەربەردەر بوون و زیاتر لە هەزاران کەسیان لێ کوژراوە و زیاتر لە ٦ هەزار کەسیان لێ ڕفێنراوە و ٦٨ گۆڕی بەکۆمەڵ و تاکیان هەیە، ئێستا ئاگر بەربووەتە گۆڕە بەکۆمەڵەکانیان.

تا ئێستا چەندین زەویی کشتوکاڵی سووتاون، بەڵام سووتانی زەوییە کشتوکاڵییەکانی شنگال دوو جۆرە زیانیان هەیە، یەکێک زیانی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانە و، ئەوەی دیکەش کە زیاتر شنگالییەکان ئازار دەدات سووتانی گۆڕەکانیانە.

تا ئێستا تۆمەتی ئاگربەردان لە شوێنێک بۆ شوێنیكی تر جیاوازە، هەندێک پێیان وایە داعش لەپشت ئەو کردەوانەوەیە و هەندێکیش دەڵێن دەستی لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتی و هۆزەکانی لەپشتەوەیە.

لە شنگال ٦٨ گۆڕی بەکۆمەڵ هەن، جگە لە گۆڕی تاک. خدر دیڕۆ خانەسۆری، کەسایەتیی شنگالی دەڵێ: "داعش چەندین گۆڕی بەکۆمەڵی ئێزدییانی سوتاندووە، ئێستاش مەترسی لەسەر گۆڕە بەکۆمەڵەکانی تر هەیە."

خدر، کە ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ڕۆحانیی ئێزدییانە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "داوا لە تەواوی جیهان دەکەین هەرچیی زووە کارێک بۆ ئەم گۆڕە بەکۆمەڵانە بکەن و بیانپارێزن."

ئێستا زۆر هێز و لایەن لە شنگالدا هەن، کەچی نەک توانای پاراستنی شنگالیان نییە، بگرە ناتوانن گۆڕێکی بەکۆمەڵیش بپارێزن.

دایە شەمی، یەکێک لەو قوربانیانەیە و ٧ کەسی خێزانەکەی لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدان، بەڵام خۆی دەوروبەری گۆڕەکەی پاک کردووەتەوە، بۆ ئەوەی لە مەترسیی ئاگر بیپارێزیت.

دستەی کۆکردنەوەی بەڵگەی بۆ بەجینۆسایدناساندنی کەیسی ئێزدییان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، توانیویانە بە مەبەستی پشکنین و لێکۆڵینەوە، ١٣٨ ڕووفاتی ئێزدییان لەو گۆڕە بەکۆمەڵانە ڕەوانەی بەغدا بکەن.

کــاروان بــاعەدری