Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"حکوومەتی ھەرێم جورێکی دیکەی مۆڵەتی شۆفێری جێبەجێ دەکات"

 

هەولێر-KDP.info- بڕیارە دوای شەش مانگی دیکە مۆڵەتی شوفێری لە ھەرێمی کوردستان گۆڕانکاری بەسەردا بێت و بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، مۆڵەتی نوێ بە سیستەمی نێودەوڵەتی دروست کراوە و چەندین زانیاریی وردی تێدایە.

دکتۆر سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەزارەتی ناوخۆ گرێبەستێکی لەگەل کۆمپانیایەکی ئەڵمانی کردووە بۆ گۆڕینی شێوازی دەرکردنی مۆڵەتی شوفێری لە ھەرێمی کوردستان و بڕیارە ڕۆژی دووشەممە (١٧-٦-٢٠١٩) کۆمپانیای ناوبراو دەست بە کارەکانی بۆ دامەزرانی لە ھەرێمی کوردستان بکات."

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ گوتی: "دەمانەوێ مۆڵەتی شوفێریی ھاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو دەربکەین و بڕیارە لە ماوەی شەش مانگدا سیستەمی نوێ بۆ دەرکردنی مۆڵەتی شوفێری لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان بکەوێتە کار."

دکتۆر سامی جەلال ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "مۆڵەتی نوێ بە سیستەمی پێشکەوتوو بە پلاستیک دروست کراوە و چەندین زانیاریی دەربارەی شوفێر لەخۆ دەگرێت، ھەروەھا شوفێر لە کاتی دەرھێنانی پێویستی بە مۆڵەتی نێودەوڵەتی نابێت، چونکە ھەمووی یەک سیستەم دروست کراوە و تەنیا ئامارە بە جوری مۆڵەتەکە دراوە، بۆ نموونە، وێنەی جۆری ئۆتۆمبێڵەکەی لەسەرە و ئەگەر مۆڵەتەکە بۆ بارھەڵگر بێت خەتێک لەژێر بارھەڵگرەکەی سەر مۆڵەتەکە دەدرێت."

قائید میرۆ