Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

زكری بەشیر: بەڵێنمان بە نێچیرڤان بارزانی داوە.. ٢٤ كاتژمێر كار دەكەین

دھۆك-KDP.info- پڕۆژەی جووتسایدی رووڤیا چەمە درێژییەكەی ٢٢ كیلۆمەترە، كە  تا ئێستا ٢٨%ی پڕۆژەكە جێبەجێ كراوە و وەك بەڕێوەبەری كۆمپانیای جێبەجێكاریش دەڵێ، بەڵێنمان بە نێچیرڤان بارزانی داوە لە نیوەی ئەو كاتەی بۆ تەواوكردنی دیاری كراوە، پڕۆژەكە تەواو بكرێت.

زكری بەشیر، بەڕێوەبەری كاڤین گرووپ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لەبەر ستراتیژیی رێگای سەرەكیی ھەولێر- دھۆك، ئێمە بەڵێنمان بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی پێشووی ھەرێمی كوردستان داوە، ئەو پڕۆژەیە لە نیوەی كاتی یاسایی خۆی تەواو بكرێت، كە بەپێی یاسا ٩٠٠ رۆژ بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دیاری كراوە، سەرەڕای ئەوەی بە ھۆی كەشوھەوای زستان بەشێكی پڕۆژەكە زیانی پێ گەیشتبوو".

پڕۆژەی رێگای سەرەكیی ھەولێر-دھۆك، لە رۆژی ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو بەردی بناغەی بۆ داندرا و بە تەواوكردنی پڕۆژەكە رێگای ھەولێر- دھۆك زۆر نزیك دەكاتەوە.

زكری بەشیر ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگاوبانی دھۆك ھەماھەنگیمان كردووە لەبری ئەوەی دوو ساید بۆ ھاتن و دوو ساید بۆ چوون تەرخان بكرێت، ھەرلایەك كراوە بەسێ ساید، تیمەكانمان ٢٤ كاتژمێر لە كاردان بۆ ئەوەی لە ئایندەیەكی زوودا پڕۆژەكە كۆتایی بێت و رادەستی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكرێت بۆ ئەوەی ھاووڵاتیان سوودی لێ وەربگرن".

 رێگای سەرەكیی ھەولێر – دھۆك، بە شێوازێكی پێشكەوتوو لەسەر ستانداردی جیھانی دروست دەكرێت و لە سنووری پارێزگای ھەولێریش دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی رێگای سەرەكیی ھەولێر – دھۆك كراوە".

 

قائید میرۆ