Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیوا عەبدولخالق: رێژەی تاوان كەمی كردووە.. بكوژی شوفێرەكەی دوێنێ شەو دەستگیر كرا

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماری ٦ مانگی ئاشكرا كرد و، رایگەیاند كە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو، رێژەی تاوان لە سنووری پارێزگاكە كەمی كردووە و، ئاشكرایشی كرد بكوژی شوفێرەكەی دوێنێ شەویش دەستگیر كراوە.

لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا رایگەیاند، بە بەراود لەگەڵ ساڵی رابردوو رێژەی تاوان لە سنووری پارێزگای هەولێر كەمی كردووە، هاوكات كێشەی ئەو دوو كەسەشی كە دوێنێ شەو یەكێكیان هاووڵاتییەكی كوشت، روون كردەوە، كە بە هۆی پێكدادانێكی سووك درووست بووە، كە بایی نزیكەی ٥٠٠ دۆلارە، بەڵام یەكێكیان بە دەمانچە شوفێرەكەی دیكەی كوشتووە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر بۆ دەستگیركردنی بكوژەكە، دواجار خۆی رادەستی پۆلیس كردووە و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی بەند كراوە.

هاوكات ئاشكرایشی كرد، كە دوو تاوانباری دیكە بە ناوەكانی (ا.س.ع) و (ا.ج.س)، كە دانیشتووی شاری هەولێرن و تەمەنیان ٣٠ ساڵە، چەندین تاوانیان ئەنجام داوە، وەكو رێگری لە خەڵك و چوونە سەر خەڵك، زۆربەی هەڵكوتانەكانیشیان بە ناوی ئاسایشەوە بووە، كە ناسنامەیان لە خەڵك وەرگرتووە، بەڵام دواجار هەردوو تاوانبار دەستگیر كران و دانیان بە تاوانەكانیشیاندا ناوە.

 

خێڵان بەختیار