Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەفتەی داهاتوو كۆنفڕانسی گەشتیاریی چارەسەری لە هەولێر بەڕێوە دەچێـت

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێكی گەشتیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، هەفتەی داهاتوو كۆنفڕانسی گەشتیاریی چارەسەری لە هەولێر بەڕێوە دەچێت.

سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بەبازاڕكردنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، رۆژی شەممەی داهاتوو، دەستەی گەشتوگوزاری كوردستان كۆنفڕانسی گەشتیاریی چارەسەری بەڕێوە دەبات.

تۆفیق گوتیشی، ئامانج لە كۆنفڕانسەكە، ناساندنی كەرتی تەندروستی و چارەسەری لە هەرێمی كورستان و زیادبوونی داهاتی گەشتیارییە، بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق لەبری ئەوەی ڕوو بكەنە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەری تەندروستی، لە هەرێمی كوردستان چارەسەریان بۆ بكرێت.

دەشڵێ، گەشتیاران چەندین رۆژ لە هەرێمی كوردستان دەمێننەوە و بەم جۆرەش گەشتیاریی چارەسەری وەك وڵاتانی دراوسێ لە هەرێمی كوردستانیش پەرەی پێ دەدرێت و داهاتی گەشتیاری بەرز دەبێتەوە.

بەڕێوەبەری بەبازاڕكردنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش دا، لە كۆنفڕانسەكەدا چەندین كۆمپانیای هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی عێراق بەشدار دەبن.

 

هێدی كاكەیی