Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

به‌ڵێن عەبدوڵڵا: ڕێوڕەسمی سوێندخواردنه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم ئاشته‌واییی سیاسیی گەڕانده‌وه‌

 
هەولێر -KDP.info- ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌ركردایه‌تیی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان ده‌ڵێت، خه‌ڵكی كوردستان چاوه‌ڕوانی زووپێكهێنانی حكوومه‌تن. پێشی وایه‌ یه‌كڕیزی، تاكه‌ چاره‌سه‌ری گرفته‌كانه‌.
 
بەڵێن عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "کوردستان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە قۆناغێکی سەخت و دژواردا تێپەڕی، دوای تێکشکاندنی داعش و چارەسەری بەشێک لە کێشەکان لەگەڵ بەغداد، ئێستا ھەرێمی کوردستان ھەنگاو بەرەو قۆناغێکی نوێ دەنێت، بەتایبەتی دوای ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە سەروبەندی پێکھێنانی حکوومەتداین، ئەو دوو ڕووداوەی ڕوویان دا بۆ ھەرێمی کوردستان گرنگ بوون، بەتایبەت ھەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆکی ھەرێم و كاك مەسروور بارزانی بۆ سەرۆکی حکوومەت. خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە چاوەڕوانی ئەوەدان کابینەی حکوومەتی ھەرێم زوو پێک بھێنرێت، ڕەوشێکی نوێی سیاسی بێتە ئاراوە و کوردستان بەرەو ئایندەیەکی گەشتر ھەنگاو بنێت و دەسپێکێکی باش بێت بۆ یەکڕیزی و چارەسەریی ناوخۆمان بۆ ئەوەی ھەموو لایەکمان ئەرک و بەرپرسیاریەتیی دۆخەکە بگرینە ئەستۆ".
 
بەڵێن عەبدوڵڵا گوتیشی: "ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە بووەتەوە. ھەرێمی کوردستان پێگەیەکی بەھێزی لەو ھاوکێشە سیاسییانەدا ھەیە ئەمە وا دەکات ئێمە دەست بە دەستەکەوتەکانی خۆمانەوە بگرین و بیر لە یەکڕیزی و تەبایی بکەینەوە بۆ ئەوەی ئەو قۆناغە تێپەڕێنین، ئەمە جگە لەوەی خەڵک چاوەڕێی ئەوە دەکات بە بەرپرسیارییەکی گەورەوە بێینە مەیدانەکەوە، جگە لەوەش، لە بەرانبەر بەرپرسیارییەکی مێژوویداین."
 
بەڵێن عەبدوڵڵا ڕایشیگەیاند: "سوێندخواردنی کاک نێچیرڤان بارزانی ڕووداوێکی گەورە بوو، بەشداریی ئەو میوانانە لە ڕێوڕەسمەکەدا کوردستانی خستەوە ناو پێگەیەکی بەھێز و ڕێوڕەسمەکە ئاشتەواییی گەڕاندەوە بۆ ناو ھێزە سیاسییەکانی کوردستان."
 
 
كارزان سه‌باح  هه‌ورامی