Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شەمۆ: ئاگره‌كه‌ی شنگال دەستێكی سیاسیی لە پشته.. دوو گەنج گیانیان لە دەست داوە ‌

شنگال-KDP.info- نوێنەری شنگال لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێ، لە سنووری شنگال ئاگرێكی زۆر لە گەنمی جووتیاران بەردراوە و بەو ھۆیەوە نزیكەی ھەزار دۆنم سووتاوە و دوو گەنجیش گیانیان لە دەست داوە.

بەرەكات شەمۆ، نوێنەری شنگال لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو بە دەستێكی نادیار، ئاگرێكی گەورە لە سنووری شنگال، هەتا سۆراخ و سنوونێ بەردراوە، هەر بەو ھۆیەشەوە نزیكەی ھەزار دۆنم گەنمی جووتیاران سووتاوە، ئەوەیش ده‌ڵێ كە دوو گەنج سووتان و گیانیان لە دەست داوە.

ناوبراو ئاماژەیشی بەوە دا، كە ئەوان لە ئێستادا سەرقاڵی بردنی تەرمەكانیانن بۆ فەرمانگەی پزیشكی دادوەریی دهۆك، ئەوەش لە كاتێكدایە، كە بۆ سێ كاتژمێر ئاگرەكە بەردەوام بووە و هیچ ئامێرێكی ئاگركوژێنەوەش بەردەست نەبووە، بۆیە لە دوای گەیشتنی ئاگر بۆ ناو ماڵەكانی گوندی بۆرەك، دوو هاووڵاتی بە ناوەكانی بارزان عومەر گەبۆ و سەعید شیخ سەبری، نەیانتوانی خۆیان لە ئاگر رزگار بكەن و گیانیان لە دەست دا.

بەرەكات شەمۆ لای روون نییە، كە كێ ئاگرەكەی كردووەتەوە، بەڵام گومانیشی لەوە نییە، كە دەستێكی سیاسیی لە پشت بێ، وەكخۆی گوتی، لێكۆڵینەوەش لە رووداوەكە دەستی پێكردووە.

جەختیش لە بێتوانایی ئەو هێزانە دەكاتەوە، كە لە شنگالدان، بەو پێیەی ناتوانن شارەكە بپارێزن، ناوچەكەش بە بێ خاوەن ناو دەبات، كە حكوومەتی عێراق هیچ خەمێكی لێ ناخوات.

ئەوەش لە كاتێكدایە، كە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ژمارەی رووداوەكانی ئاگركەوتنەوەكان لە دەغڵودانی جووتیاران، گەیشتووە‌تە ٢٧٢ ئاگركەوتنەوە.

لە بەیاننامەكەشیاندا ئاماژەیان بەوە كردووە، كە لە رێككەوتی 8/5/2019 دەغڵودانی جووتیاران و گەنم و جۆ و پوش و پاوان و رەز و باخی هاووڵاتیان لە چەند پارێزگایەكی عێراق سووتاوە، كە ژمارەیەكیان بە ئەنقەست سووتێندراون.

بەرگریی شارستانی، تیشك دەخاتە سەر هۆكارەكان و بەمجۆرە پۆڵێنی كردوون‌، كە ٣٥ حاڵەتیان بە ئەنقەست بووە، هاوكات ٧٤ حاڵەتیش بە هۆی كێبڵ و وایەری كارەباوە بووە، ٢٥ حاڵەت بە هۆی پریشكی ئاگری دەڕاسە بووە، هەروەها ٢٢ حاڵەت بە هۆی فڕێدانی پاشماوەی جگەرە بووە و، ٣٢ حاڵەت سەرچاوەی دەرەكی بووە و ٨٤ حاڵەتیش هێشتا لەلایەن بەڵگەی تاوان دیاری نەكراون، كە‌ هۆكارەكانی چی بوون.

لە بەیاننامەكەشیاندا هاتووە، كە ئەو رووبەرەی لە ماوەی ٥ی٨ تا كاتی دەرچوونی بەیاننامەكە‌ سووتاوە، زیاتر لە ٤٠ هەزار دۆنم دەبێت.

ئەوەش‌ لە كاتێكدایە، زۆرترین رووبەری دەغڵودانی جووتیارانی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان سووتیندراون و جووتیارانی كورد پییانوایە عەرەبی هاوردە و شۆڤێنی و توندڕەوەكان بە ئەنقەست، گەنم و جۆ و دانەوێڵە و رەز و باخەكانیان دەسووتێنن، بۆ ئەوەی خاكی باب و باپیرانیان چۆڵ بكەن.

 

خێڵان بەختیار_ بڵند ئیبراھیم