Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەبدوڵڵا گەدۆ: بەهۆی ناکۆکییەکانەوە ناوچەی ئارام دیاری نەکراوە

ڕۆژئاوای کوردستان -KDP.info- ئەمەریکا چەندین جارە دووپاتی دەکاتەوە کە دەبێ ناوچەیەکی ''ئارام'' لە سووریا دیاری بکرێت، بەڵام شێواز و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی ئەو ناوچەیەی دیار نەکردووە. سیاسەتمەدارێکی دیاری ڕۆژئاوای کوردستانیش دەڵێت، ئەمەریکا دەیەوێ هاوسەنگیی سیاسیی خۆی لە ڕۆژئاوا بپارێزرێت، بۆیە هەنگاوەکانی دیاریکردنی ناوچەی ئارام هەڵناگیرێن.

تا ئێستا دیار نەبووە لە ڕووی بەڕێوبردنەوە کێ سەرپەڕشتیی ناوچەی ''ئارام'' دەکات و کێ لە نێویدا دەبێت. دەربارەی دیاریکردنی ناوچەکە، عەبدوڵڵا گەدۆ، ئەندامی دەستەی سیاسیی ئیتلافی نیشتمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەڵێ: "دیاریکردنی ناوچەیەکی ئارام لە سووریا پێویستی بەوەیە هێزە ئیقلیمی و نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی نێو سووریا تەبا بن لەسەر ئەو ناوچەیە، بەڵام ئەو هێزانە بەسەر وڵاتەکاندا دابەش بوون و ناکۆکییان هەیە، هەر بۆیەش، ئەمەریکا هەنگاوەکانی دوا خستوون."

گەدۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "دیاریکردنی ئەو ناوچەیە پێویستی بە ڕازیبوونی تەنیا یەک لایەن نییە، پێویستی بە چەندین لایەنی دەرەکییش هەیە، لەو ناوچەیەشدا ئەمەریکا بۆ بەهێزبوونی خۆی لە سووریادا پەلە ناکات."

گەدۆ ئاماژەیشی دا: "ئەمەریکا نایەوێ یەپەگە لە ڕووی سەربازییەوە لەو ناوچەیەدا پشكدار بێت، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە دەیەوێت. تورکیاش نایەوێ پەیەدە و یەپەگە لە هیچ ڕوویەکەوە پشکدار بن و ئەمەریکاش نایەوێت تورکیا لە خۆی دوور بکاتەوە، چونکە تورکیا هاوپەیمانیانە."

کــاروان بــاعەدری