Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"دوای ئەوەی سەرۆك بارزانی ھاتە سەر ھێڵ كێشەی گوندی پەلكانە چارەسەر كرا"

 
سەرگەڕان-KDP.info- دوای ئەوەی دوێنێ ژمارەیەك عەرەبی شۆڤێنی بە پاڵپشتیی فەوجێكی مغاویر دەستیان بەسەر گوندێكی كوردنشینی ناحیەی سەرگەڕاندا گرت، سەرۆك بارزانی بەدەم داواكاریی ھاووڵاتیانی كوردی ناوچەكەوە چوو و كێشەكە چارەسەر كرا.
 
كرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی مەخمووری پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای ئەوەی دوێنی ھێرش كرایە سەر گوندی پەلكانەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان و ژمارەیەك ھاووڵاتیی كورد دەستگیر كران، ھاووڵاتیانی ئەو گوندە داوایان كرد سەرۆك بارزانی كێشەی داگیركاریی گوندەكەیان چارەسەر بكات".
 
عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "سەرۆك بارزانی ھاتووەتە سەر خەت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە و دوای ئەوەش ئەو ھێزە سەربازییەی دوێنێ سێشەممە چووبووە سەر گوندی پەلكانە، پاشەكشەی كرد و عەرەبە ھاوردەكانیش دەركراون".
 
دوێنێ سێشەممە، نزیكەی ٢٠٠ عەرەبی شۆڤێنیی چەكدار بە پاڵپشتیی فەوجێكی مغاویریی عێراق، ھێرشیان كردە سەر گوندی پەلكانە و دوای داگیركردنی گوندەكە، ژمارەیەك ھاووڵاتیی كوردیشیان دەستگیر كردبوو.
 
قائید میرۆ