Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی ناوی كاندیدی سەرۆكی هەرێم دەداتە سەرۆكایەتیی پەرلەمان

 
هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پارتی رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ ناو و سیڤیی كاندیدیان بۆ سەرۆكی هەرێم دەدەنە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، كە ئەویش نێچیرڤان بارزانییە.
 
هێڤیدار ئەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ئەمڕۆ ناو و سیڤیی نێچیرڤان بارزانی وەك كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم دەدرێتە پەرلەمانی كوردستان، هاوكات سبه‌ى چوارشه‌ممه‌ سەعات ١١ش بە پێی یاسا دەرگا بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم دادەخرێت.
 
ناوبراو رێككارە یاساییەكانی روون كردەوە، كە چەند ناو پێشكەش كرابێت بۆ ئەو پۆستە، پەرلەمانی كوردستان لە ماوەی دوو رۆژدا پێداچوونەوە بۆ سیڤییەكان دەكات، كە تا چەند مەرجە یاساییەكانیان تێدایە، دواتریش دوو رۆژیش وادەیە بۆ ئەو كەس و لایەنانەی دەیانەوێت لە دادگا تانە لە كاندیدی پۆستی سەرۆكی هەرێم بدەن، وەك هێڤیدار ئاماژەی پێدا، دوای ئەو وادەیەش بە سێ رۆژ سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێردرێت، بەو پێیەش هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دەكەوێتە كۆتایی هەفتەی داهاتوو.
 
خێڵان بەختیار