Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"سەرکردایەتیی پارتی کاندیدانی پارتی بۆ کابینەی نوێ پەسەند دەکات"

 

هەولێر-KDP.info-  بڕیارە پارتی لەم حەفتەیەدا کاندیدەکانی بۆ کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان یەکلا بکاتەوە و ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیش دەڵێ، دەیان کەس سیڤیان پێشکەش بە لیژنەی پەیوەندیدار کردووە و دوای یەکلاکردنەوەیان سەرکردایەتی پەسەندیان دەکات.

 

بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئەکادیمی و لەسەر بنەمای لێھاتوویی، پۆستەکانی پشکی پارتی لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا پڕ بکرێنەوە، پارتی لیژنەیەکی باڵای پێک ھێناوە و دەیەوێ لە ڕێگەی ئەو لیژنەیەوە بابەتی پۆستەکان بۆ کادیرانی پارتی یەکلا بکاتەوە. لەو بارەیەوە، عارف ڕۆشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "دەمێکە لە ڕێگەی ئورگانەکانییەوە پارتی بانگەوازی بۆ ھەموو ئەندام و کادیرانی ناردووە، ئەوانەی دەیانەوێ بەشدار بن و پۆست وەربگرن لە کابینەی نوێدا سیڤییان لێ وەرگیراوە."

 

ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەیەکی باڵا لەنێو پارتیدا ھەڵاوێردی ناوەکان دەکات، چونکە پارتی حزبێکی گەورەیە و دەیان و سەدان کەس داواکارییان پێشکەش کردووە، ئەو لیژنەیە بڕیاری کۆتایی لەسەر سیڤیەکان دەدات."

 

عارف ڕۆشدی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دوای یەکلاکردنەوەی ناوەکان، ھەر لە وەزیرەوە بگرە تا ڕاوێژکار و بەڕێوەبەر و بەرپرسی یەکە ئیدارییەکان، ئەو ناوانەی یەکلا دەبنەوە، لە لایەن ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتییەوە پەسەند دەکرێن."

 

قائید میرۆ