Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بۆ كوردستان

ئاریان فەرەج  
 
ئەم حوكمڕانییە كوردییەی باشوری كوردستان، دوای شكست و نائومێدی چەند ئەزمون و دەرفەت هاتە ئاراوە، تا ئێستا مەزنترین دەسكەوتی سیاسیە كورد لە مێژووی پڕ خەباتی خۆیدا و لە هەلومەرجی بێ فورسەتی و بندەستی و نالەباری زەمینە سیاسییەكەدا، بەدەستیهێنابێ.
ساڵان تێدەپەڕن و ئەم ئەزمونە هەر بەردەوامە و رۆژ بەرۆژ زیاتر لەخەم دەڕەخسێ و ئیدی لەوە دەرچووە بە دەردی ئەزمونەكانی رابردوو بچێت. گەر لەنێو كێشمەكێش و تەنگ و چەڵەمەشدا بەڕێوەبچێت، بەڵام وا هەر بەپێوەیە و بەرێوەیە و نەگەڕاوەتەوە. هەموو هەوڵەكان بۆ لەنێوبردن و هەڵوەشاندنەوەی لەبەین چوون. هەردێ و یەك بە یەكی ئەو تەڵەزگە و لەمپەرانە تێكدەشكێن كە دەخرێنە پێش كاروانی پێشكەوتن و پەرەسەندنی. ئیدی بە هەموو پێوەرێك ئەم ئەزمونە تاقانە فاكتی ئێستا و ئومێدی ئایندەی نەتەوەی كوردە، هیچ ئەركێك لەبەردەم كوردستانییان لە بەهێزكردن و هەرچی زیاتر تۆكمەكردنی ئەم خودحوكمڕانییە بەرەو گەیشتن بە ئامانجی ستراتیجی، لەپێشتر نییە. 
كاراكردنەوەی دامەزراوە سەروەرییەكانی هەرێم و نوێكردنەوەی شەرعییەتی دامودەزگاكانی و پێبەخشینی گوڕو تینێكی نوێ، لەم قۆناغە هەستیار و پڕ لە ئەگەر و پێشهاتەدا، ئەركی هەرە سەرەكیی نوخبەی سیاسیی كوردستانە، لەسەروو هەمووانیشەوە كاراكردنەوە و بەگەركەوتنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم وەك رەمزی یەكێتیی خاك و گەلی كوردستان. وەك دامەزراوەیەك كە لەسەر هەموو ئاستەكان نوێنەرایەتی پێگەی یەكگرتوو و بەهێز و دەستورییانەی كوردستان دەكات. 
بۆ كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم، بگرە و بەردەیەكی زۆر لە نێو حزبەكاندا هاتە ئاراوە، كاتێكی زۆریشی برد، بەڵام دواجار ئەوەی بۆ بەهێزبوونی كوردستان پێویست بوو، ئەوە رویدا، پەرلەمان یاساكەی پەسەند كرد و بەم نزیكانە سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێردرێ. 
ئەوجا ئەو سەرۆكە لەسەر خواستی ئەحزاب چەند جێگری دەبێت و چەندیان دەسەڵات دەبێت، بەدیدی ئایندەبینانەی پارتی، بابەتگەلێكی لاوەكین. دواجار گرنگ ئەوەیە كوردستان سەرۆكی هەبێت.