Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەغدا رازی بووە بە ٤٥٠ دینار بەنزین بۆ ھەرێم دابین بكات

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرەی سووتەمەنیی ھەولێر رایگەیاند، ھەرێم و بەغدا لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی عێراق بەنزین بۆ بەنزینخانەكانی ھەرێمی كوردستان دابین بكات و بەغداش رازی بووە بە ٤٥٠ دینار بەنزین بۆ ھەرێم دابین بكرێت.

ئاری كاكەشین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرێم و بەغدا لە گفتوگۆی بەردەوامدان بۆ ئەوەی حكوومەتی عێراق ھاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق بەنزین بۆ پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان دابین بكات بە نرخی ٤٥٠ دینار بۆ هەر لیترێك، بەڵام بەغدا دەیەوێت بەنزینخانەكانی ھەرێمی كوردستان لە ژێر دەستەڵاتی ئەواندا بن و كادیری ئەوان كاری لەسەر بكەن و رۆژانە راپۆرتیان بۆ بەرز بكەنەوە، كە پێشتر وا نەبوو و ئەوان بەنزینیان رەوانە دەكرد و ئێمەش دابەشمان دەكرد".

كاكەشین گوتیشی، لە ئێستادا پارێزگاری ھەولێر لەگەڵ بەغدا لەسەر خەتە و لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی ئالیەتێك بدۆزنەوە بۆ شێوازی دابەشكردنی بەنزین، كە لە بەغداوە بۆ ھەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت و ھەر كاتێك گەیشتنە رێككەوتن، ئەو كات بەنزین لە بەغداوە بۆ هەرێم رەوانە دەكرێت و بە ٤٥٠ دینار بە شوفێران دەفرۆشرێت.

دەشڵێ: "لە ئێستادا لە ھەرێمی كوردستان بەنزین كە دەفرۆشرێت بازرگانییە و پەیوەندی بە حكوومەتەوە نییە، بۆیە خۆیان نرخەكەی دیاری دەكەن و چەند رۆژێكیشە گران بووە، بەڵام ئێمە سەرقاڵی لێكۆڵینەوەین بۆ ئەوەی بزانین ھۆكاری گرانییەكە چییە".

 

بڵند ئیبراھیم