Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەحموود محەمەد و کونسووڵی ئەمەریکا پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتیان تاوتوو کرد

هەولێر-KDP.info-  گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحموود محەمەد لە دیداریدا لەگەڵ کونسووڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، پێوەست بە کابینەی نوێی حکوومەت رایگەیاند کە هەوڵەکان  ئاستێکی زۆرباشیان بەخۆوە بینیوە و تەنیا مەسەلەی کاتە بۆ راگەیاندنی حکوومەتێکی بەهێز لەپێناو خزمەتکردنی خەڵک و هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ، یەکشەممە، ٢٤ی٣ی٢٠١٩  مەحموود محەمەد گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بارەگای  مەکتەبی سیاسی لە پیرمام،  پێشوازی لە  شاندی کونسووڵخانەی گشتیی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد، کە پێکهاتبوون لە ستیڤن فەیگن کونسووڵی گشتی و سیلڤیا ئیلیزیا بەرپرسی بەشی سیاسی و ئابووری کونسووڵخانە.

لە دیدارەکەدا باس لە پێشوەچوونی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم کرا، لای خۆیەوە کونسووڵی ئەمریکا جەختی کردەوە لەسەر گرینگی پێکهێنانی کابینەی نوێ، لەبەرامبەردا مەحموود محەمەد سوپاسی هاوخەمی کونسووڵخانەو حکوومەتی ئەمریکای کرد و روونی کردەوە کە هەوڵەکان  ئاستێکی زۆرباشیان بەخۆوە دیوە و تەنیا مەسەلەی کاتە بۆ راگەیاندنی حکوومەتێکی بەهێز لەپێناو خزمەتکردنی خەڵک و هەرێمی کوردستان.

هەر لە دیدارەکەدا باسی چارەکردنی گرفتەکانی نێوان پارتە جیاوازەکانی هەرێم کرا و مەحموود محەمەد روونی کردەوە پێداگرتنی پارتی بۆ بونیادنانی حکوومەتیکی بەتوانا و هاوبەش ئەو راستییە دەردەخات کە پارتی باوەڕی تەواوی بەوە هەیە کە لایەنەکان دەبێت رۆڵی کارای خۆیان ببینن لە بەڕێوەبردنی هەرێمەکە کە ئەمەش لەسۆنگەی باوەڕبوونمان بە هاونیشتمانیەتی ھەموو ھێز و لایەنەکان دێت.

لە لایەکی ترەوە دۆخی نێوان بەغداو هەرێم تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو فەیگن خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەو نزیکبوونەوەی کە پەیوەندییەکانی هەردوولا  بە خۆیانەوە بینیوە و ئومێدیشی خواست کە هەردوولا هەوڵی زیاتر بدەن بۆ باشترکردنی دۆخەکەو چاکترکردنی دۆخی هاوڵاتیان و سەقامگیری وڵات.