Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی ناوخۆ حەوت بڕیاری بۆ نەهێشتنی دیاردەی چەکداری دەرکرد

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ نەھێشتنی دیاردەی چەکھەڵگرتن، بەتایبەت چەکی قورس و مامناوەند و ھێشتنەوەی ئەو چەکانە تەنیا لە دەستی چەکدارانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا حەوت بڕیاری دەرکرد، لەوانە دەستبەسەرداگرتنی ھەموو جۆرە چەکێک، جگە لە کلاشینکۆف و دەمانچە و دەستیش بەسەر ئەو چەکانەدا دەگرن کە مۆڵەتیان نییە و ڕێکاری یاساییش بەرانبەریان دەگیرێتە بەر."

لە نووسراوێکی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا، کە ئیمزای وەزیری ناوخۆ، کەریم شنگالیی لەسەرە و ئەمڕۆ ١٠/٢/٢٠١٩ دەرکراوە و کۆپیەکی بە دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتووە، ھاتووە: "بە پێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ، ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠٠٩ و بە پێی یاسای چەک، ژمارە (١٦)ی ساڵی ١٩٩٣، بە مەبەستی نەھێشتنی دیاردەی چەکداری، بەتایبەت چەکی قورس و مامناوەند و ھێشتنەوەی ئەو چەکانە تەنیا لە دەست ھێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا، بڕیارمان دا."

سەبارەت بە بڕیارەکانیش لە نووسراوەکەدا لە ڕێگەی حەوت خاڵ ڕوون کراوەتەوە، ئەوانیش بریتین لە :

١- داماڵینی گشت چەک و تەقەمەنییەک، جگە لە دەمانچە و کلاشینکۆف.

٢- دەستبەسەرداگرتنی ئەو چەکە بێمۆڵەتانەی کە لە لایەن ھاووڵاتیانەوە ھەڵدەگیرێن و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان.

٣- لە سەنتەری ھەر پارێزگا و قەزا و ناحیەیەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس و ئاسایش بنکەی کۆکردنەوەی ئەو چەکانەی ڕادەست دەکرێن، یان دەستی بەسەردا دەگیرێت کۆ دەکرێنەوە و لە لایەن لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە جەرد دەکرێن و ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێن."

٤- لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە ئاگاداری گشت ھاووڵاتیان دەکرێت، ئەوانەی دەمانچە و کلاشینکۆفی بێمۆڵەتیان ھەیە لەو بنکانە تۆماری بکەن و ئەو چەکانەی کە لە بڕگەی (١)ی سەرەوە ئاماژەیان پێ کراوە ڕادەستی بکەن.

٥- ئەم بەیانە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە کاری پێ دەکرێت بۆ ماوەی ٦ مانگ.

٦- دوای کۆتاییھاتنی ئەو ماوەیەی کە لە بڕگەی (٥)ی سەرەوە دیاری کراوە ھەر چەکێک دەستی بەسەردا بگیرێت خاوەنەکەی بە پێی یاسای چەک ڕەوانەی دادگا دەکرێت.

٧- ئەم بەیانە لە ڕۆژنامەی وقائعی کوردستاندا بڵاو دەکرێتەوە.

بڵند ئیبراھیم