Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پڕۆژیەک بۆ نەهێشنی زێدەڕۆیی سەر کارەبای نیشتمانی، جێبەجێ دەکرێت

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خەریکی جێبەجێکردنی سیستەمێکی نوێی کۆنتڕۆڵکردنی کارەبای نیشتمانییە و گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێ، کارەبا دەگەیەنینە ٢٤ کاتژمێر و لەمەودوا سیستەمێکی وا دانراوە ھیچ کەسێک ناتوانێ کارەبای زیاد و نایاسایی بەکار بێنێ، چونکە کۆنتڕۆڵی کارەبای نێو ماڵان بەدەست فەرمانگەی کارەباوە دەبێت.

حەمەدەمین ھەورامانی، گوتەبێژی وەزارەتای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد: "پێوەر بۆ ھەموو بەشدارانی کارەبای نیشتمانی دادەنرێت و پێوەرەکان بە ھەموو پێداویستییەکانییەوە گەیشتوونەتە کۆگاکانی وەزارەتی کارەبا، دەست بە پڕۆسەی گرێدانی پێوەری نوێی کارەبا کراوە، بەڵام بە ھۆی ئەوەی کارەبای نیشتمانی کڕیارێکی زۆری ھەیە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کاتی دەوێت و ھەنگاوەکان دەستیان پێ کردووە و پێوەرەکان بەسەر بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای پارێزگاکاندا دابەش کراون بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بەڕێوە بچێت."

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھیچ بەشدارێکی کارەبا بەدەر نابێت لە گرێدانی پێوەری نوێ، پڕۆژەیەکی گەورەی ستراتیژییە، ڕێژەیەکی زۆری تەزووی کارەبا بەفیڕۆ دەدرێت و بەشێکیشی دەدزرێت، بەڵام لەگەڵ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە تا ڕادەیەکی زۆر کۆنتڕۆڵی ھاوبەشانی کارەبا دەکرێت و ئیدی ئەو کارەبایەی ئێستا خەڵکێک بە زیادەڕۆیی بەکاری دێنن، کۆتاییی دێت."

ھەورامانی دەڵێت: "بە پێی سیستەمی نوێی پێوەری کارەبا ھەموو ھاوبەشەکان لەنێو تۆڕێکدا کۆ دەکرێنەوە، ھەتا وەرگرتنی کرێی کارەباش دەبێتە ئۆتۆماتیکی، واتە عەداد نامێنێ و لەمەودوا ژمێریاری کارەبا ناچێتە ماڵان بۆ وەرگرتنی پارەی کارەبا و خوێندنەوەی پێوەر، ھەمووی لەنێو کۆمپیۆتەردا تۆمار دەکرێت و ھەر ھاوبەشێکی کارەبا زێدەڕۆیی بکات، ئەوە لە کۆنتڕۆڵەوە کارەبای لەسەر دەبڕدرێت."

بە گوتەی حەمەدەمین ھەورامانی لە کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا کارەبایەکی زۆر دەگەڕێتەوە نێو تۆڕی گشتی و بە شێوەیەک کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی زیاد دەبن و ھاووڵاتییان پێویستیان بە کارەبای ئەھلی نابێت. ڕوونیشی کردەوە: "سیستەمێکی زۆر پێشکەوتووی ئەلیکترۆنیی ھەمەلایەنەیە، بێگومان حکوومەت مەبەستیەتی بەو پڕۆژەیە دوو ئامانج بپێکێت، یەکەم کارەبا کۆنتڕۆڵ بکرێت و ھیچ کەسێک بۆی نەبێت بەبێ یاسا کارەبا بەکار بێنێت، دووەمیش کارەبایەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ تۆڕی گشتی و ڕەوشی کارەبا زۆر لەوەی ئێستا باشتر دەبێت، نرخی کارەبای نیشتمانی زۆر ھەرزانترە لە کارەبای ئەھلی و بەکورتی دەمانەوێ کارەبا ببێت بە ٢٤ کاتژمێر، ئەگەر پڕۆژەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت."

قائید میرۆ