Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی بەلۆ: بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێم لە زیادبووندایە

ھەولێر-KDP.info- د. عەلی بەلۆ دەڵێ، بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم لە زیادبووندایە و لەمساڵدا ئاستی وەبەرهێنانی نەوت زۆر زیارتر دەبێ، ئەمەش وادەكات كە دۆخی ئابووریی هەرێم باشتر بێ.

راوێژكاری پێشووی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، چونكە كۆمپانیاكانی بواری نەوت ئەوانەی كە لە ھەرێم كار دەكەن، بە ھۆی پێدانی حەقدەستیان لە لایەن حكوومەتی ھەرێمەوە دەستیان بە كار كردووەتەوە بۆ زیادكردنی بەرھەمی نەوت، چاوەڕێ دەكرێت لەمساڵدا ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێم بۆ زیاتر لە نیو ملیۆن بەرمیل نەوت زیاد بكات.

د. عەلی بەلۆ، راوێژكاری پێشووی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و شارەزای نەوت و غاز، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "چەند ھۆكار بوونەتە ھۆی ئەوەی كە نرخی نەوت بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بێت، لەوانە ئۆپیك بڕیاری داوە وڵاتانی بەرھەمھێنانی نەوت ملیۆنێك و ٢٠٠ھەزار بەرمیل نەوت كەم بكەنەوە، خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە ئەمەریكا نایەوێت نرخی نەوت لە ٥٠دۆلار بێتە خوارەوە بۆ ئەوەی وڵاتانی ھاوپەیمانیان بێكاری تێیاندا ڕوو نەدات، بۆیە نرخی نەوتی ئۆپیك لە٦٠دۆلار دانابەزێ و بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا دەبێت".

بەلۆ دەشڵێ: "دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان بەپێی ھەموو پێوەرەكان بەرەو باشبوون دەچێت، چونكە لە ئێستادا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گفتوگۆ لەسەر بودجە دەكرێت، جگە لەوەش ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێم بەردەوام لە زیادبووندایە و نرخی نەوتیش بەرز دەبێتەوە، بۆیە ئەگەر بە جیاش نەوتی خۆی بفرۆشێت، دۆخی ئابووریی ھەرێم بەرەو باشتر دەچێت، بۆیە گەشبینین كە دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان لە مساڵدا بەرەو باشتر دەچێت".

گوتیشی: "پێویستە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان تەنیا پشت بە داھاتی نەوت نەبەستێت و پێویستە گرینگی بە ھەموو بوارەكانی دیكە بدات، لەوانە كشتوكاڵ، چونكە ناكرێت تەنیا پشت بە داھاتی نەوت ببەستین، لەبەر ئەوەی ئەو قەیرانەی تووشی ھەرێم بوو، ھەر وڵاتێكی دیكە بووایە دەڕووخا، بەڵام ھەرێمی كوردستان بەھێز بوو و توانی سەركەوتن تۆمار بكات و ئێستا خەریكە دۆخی ئابووریی ھەرێم باشتر دەبێت".

د. عەلی، هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو، بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێم رۆژ بەرۆژ لە زیادبووندایە و لە ساڵی ڕابردوودا ھەرێمی كوردستان توانی ١٠٠ھەزار بەرمیل نەوت زیاد بكات و رەنگە ئەمساڵ زۆر زیاتر بێت و ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێم بگاتە زیاتر لە نیو ملیۆن بەرمیل نەوت، چونكە حەقدەستی كۆمپانیاكانی داوەتەوە و ئەوانیش دەستیان بە چاككردنەوەی بیرە نەوتەكان كردووەتەوە و بیری نوێشیان لێداوە، لەبەر ئەوەی بە ھۆی قەیرانی داراییەوە كۆمپانیاكان ھەموو كاری خۆیان راگرتبوو، بەڵام ئێستا دووبارە دەستیان پێ كردووەتەوە، بۆ نموونە دانەغاز و كێلف كیستون و دی ئێن ئۆ و ئەوانی تریش، بۆیە بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێم بەردەوام لە زیادبووندا دەبێت.

بڵند ئیبراھیم