Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەشی VIP لە ھاتوچۆی ھەولێر داخرا

 

ھەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە کردنەوەی بەشی ڤی ئای پی لە بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ھەولێر دەڵێ، کردنەوەی ئەو بەشە چینایەتی دروست دەکات، پارێزەر و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنییش لە دژی ئەو بریارە وەستانەوە.


کەمێک لەمەوبەر، پێگەی فەرمیی بارەگای بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی، بەشی VIP کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٦ی ١٢ی ٢٠١٨ەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ھەولێرەوە کرابووەوە، داخرا.


بڕیاری کردنەوەی بەشی VIP لە بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ھەولێر کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، کە بەشێک بە ناویVIP لە بەڕێوەبەرایەتییەکە کراوەتەوە کە تایبەتە بەو کەسانەی کە دەیانەوێ مامەڵەکانیان بە زوویی ڕایی بکرێ، بەڵام دەبێت لەبەرامبەردا ١٠٠ ھەزار دینار بدەن، ئەو کارە ناڕەزاییەکی زۆری لەلایەن ھاووڵاتیان لێکەوتەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینتەرنێتەوە زۆرترین ڕەخنەی لێ گیرا.

پێشتر رێبوار عەبدوڕەحیم عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندبوو: "بە ھیچ شێوە و پێوەر و یاسایەک کە لە ئێستادا وەک یاسا بوونی ھەبێت، کەرتێکی تایبەت بچێت لە دامەزراوەیەکی حکوومی کار و وەبەرھێنان بکات، ئەمە پێچەوانەیە و  ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندام پەرلەمانەکانی تر، نیگەرانین لەم بڕیارە و ھەڵوێستمان دەبێ بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە ھەڵبوەشێنینەوە".

وەک رێبوار عەبدوڕەحیم گوتی، بوونی رۆتینی زۆر لە دامەزراوەیەکی حکوومی ‌ گەندەڵی دروست دەکات و دەشپرسێ، "ئەگەر دامەزراوەیەک پێی وایە لە ماوەی ١٠ خوولەکدا کارەکان رابپەرێنی، بۆ ئەم بڕیارە گشتگیر نەکرێت و تەواوی ھاووڵاتیان لێی سوندمەند بن، چونکە کردنەوەی بەشێک بەناوی VIP بۆشایی نێوان چینایەتی لە نێوان پارەدار و ھەژار دروست دەبێت".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشێک لە پارێزەر و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی سەردانی بەرێوەبەرایەتیی ھاتوچۆیان کرد، پارێزەر رێژیار ساڵح یەکێک لەوان بوو و بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە دژی کردنەوەی بەشی VIP لە بەرێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ھەولێر هەڵوێستمان گرت، نیگەرانین بووین لە کردنەوەی ئەم بەشەو ‌رەتی دەکەینەوە، چونکە لەگەڵ بارودۆخی ئێستای کوردستان ناگونجێ،‌ ئەمەش جیاکارییە لە نێوان ھاوڵاتی کەمدەرامەت و سەرمایەدار".

ئەو پارێزەرە ئاشکرایشی کرد کە کردنەوەی ئەم بەشە و پێدانی بە کەرتی تایبەت دابەشکردنی بری پارەکەش ٥٠ بە ٥٠یە، هۆشداریشی دا لەوەی، کە "ئەمە دروستکردنی کەلتوورێکی خراپە و، ئەگەر بەردەوام بێت، دامودەزگاکانی تری حکوومەت و دەگرێتەوە ئەمەش تەنھا سەرمایەدارەکان لێ سودمەند دەبن".

ھەڵکەوت محەممەد