Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە عەبدولڕەحمان ئاپۆ دەكات

هەولێر-KDP.info- سەرۆك بارزانی پێشوازی لە عەبدولڕەحمان ئاپۆ کرد و لە دیدارەکەدا سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە ئازادبوونی عەبدوڵڕەحمان ئاپۆ لە زیندان نیشاندا و ڕاشیگەیاند كە جێگەی داخێكی زۆرە تێكۆشەرێكی وەك ئەو بەدەستی لایەنێكی كوردی بخرێتە زیندان. سەرۆك بارزانی هیوای ئەوەی خواست کۆتایی بە ئێش و ئازارەکانی گەلی کورد لە سووریا بێت.

ڕۆژی چوارشەممە 5ـی 12ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە كەسایەتیی سیاسیی كوردی سوریا و ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا عەبدولڕەحمان ئاپۆ كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە ئازادبوونی عەبدولڕەحمان ئاپۆ لە زیندان نیشاندا و ڕاشیگەیاند كە جێگەی داخێكی زۆرە تێكۆشەرێكی وەك ئەو بەدەستی لایەنێكی كوردی بخرێتە زیندان. سەرۆك بارزانی هیوای ئەوەی خواست کۆتایی بە ئێش و ئازارەکانی گەلی کورد لە سووریا بێت.

لە بەشێكی دیكەی ئەو دانیشتنەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی سوریا و ڕەوشی كورد لەو وڵاتە ئاڵوگۆڕ كرا و سەرۆك بارزانی وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لەبارەی ئاییندەی كورد لە سووریا، جەختی لەوە كردەوە كە خواستی ئێمە بۆ باشتربوونی كێشەی كورد لە سووریا شتێكی تر بوو بەڵام بەهۆی ڕەفتار و بڕیاری تاكلایەنە و پێشێلكردنی ڕێكەوتننامەكانی نێوان لایەنەكان ئێستا بارودۆخێكی ئاڵۆز و تەمومژاوی و پڕ لە گرفت بۆ گەلی كورد لە سووریا هاتووەتە ئاراوە كە ئەمە جێگەی داخێكی گەورەیە بۆ هەموومان.